Accessibility links

نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان داوا له ئێران دەکات هاوکارییەکانی بۆ ڕووسیا له شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت


 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان

نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا گوتی "جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی هەڕەشە و بەکارهێنانی هێزە و کار بۆ پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکات."

لیندا تۆماس گرینفیڵد گوتی "لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆبوونەوەی بەپەلەمان ئەنجامدا، لەوانەش لە ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا و لە ئەنجومەنی ناتۆ-ڕووسیا و ئامانجەکەشمان لە کۆبوونەوەکان ئەوە بوو کە لایەنەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە نیگەرانییەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام ڕووسیا ڕێگایەکی جیاوازی هەڵبژارد و سەرۆک پوتین بڕیاریدا دڵی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکاتە ئامانج و ڕاست لەو کاتەی ئێمە لە ئەنجومەنەکەدا کارمان بۆ پاراستنی ئاشتی دەکرد، ئەو شەڕی هەڵبژارد."

نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی زیادی کرد و گوتی "هەروەک چۆن لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشمان ئاگادار کردەوە کە ڕووسیا پلانی لەشکرکێشییەکی تەواوی بۆ سەر ئۆکرانیا هەیە، لەم دواییانەشدا هۆشداریمان بە ئەنجومەنەکە داوە کە ئێران و کۆریای باکوور پلانیان هەیە کەلوپەلی قەدەغەکراو بۆ ڕووسیا بگوازنەوە."

لیندا تۆماس گرینفیڵد هەروەها گوتی " ئێران لە مانگی ٨وە بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایش سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا گواستووەتەوە و ڕووسیاش ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت."

ناوبراو گوتیشی پێدەچێت ئێران خەریکی پێداچوونەوە دەکات بۆ فرۆشتنی سەدان مووشەکی بالیستیکی بە ڕووسیا و دەشڵێت "ئێمە دەمانەوێت ئێران بڕیاری خۆی بگۆڕێت و ئەو کارانە نەکات و پێویستە وڵاتانی دیکەش ڕێگری لەم کارەی کۆماری ئیسلامی بکەن."

سەرچاوە/ ماڵپەڕی نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

XS
SM
MD
LG