Accessibility links

کیڤن مەکارتی لە دەنگدانێکی مێژوویدا وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێت


بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٧ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دواجار لە پانزەهەمین خۆلی دەنگداندا، کیڤن مەکارتی کۆماری وەک سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵبژارد.

لە ڕووداوێکدا کە لە سەد ساڵی ڕابردووی ئەمەریکادا بێوێنە بووە، سەرۆکی کۆمارییەکان کە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەن، تا ١٤ خولی دەنگدانی یەک لە دوای یەکدا نەیتوانیبوو نیسابی پێویست بەدەستبهێنێت و تەنانەت جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا داوای لە نوێنەران کردبوو کۆتایی بەم دۆخە ناخۆشە بهێنن و بە زووترین کات سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێرن.

مەکارتی بە جیاوازی ٢١٦ دەنگ بەرامبەر بە٢١٢ دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەو توانی بە دەنگی کەمتر لە نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی شەش کەس لە پارتەکەی خۆی دەنگەکانیان ڕاگرت و نە پشتگیریان لە مەکارتی کرد نە کاندیدی دیکەش.

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی لە پارتی دیموکرات بوو کە تا ئێستاش لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا ئەندامی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانە.

کیڤن مەکارتی تەمەن ٥٧ ساڵی کۆماری و خەڵکی کالیفۆرنیا، بۆ وەرگرتنی دەنگی پێویست ناچار بووە کۆمەڵێک مەرج و داواکاری بێ وێنەی ئەندامانی پارتەکەی قبووڵ بکات. یەکێک لەو داواکاریانە بریتی بوو لە ڕەچاوکردنی ئەگەری دەنگدان بۆ دوورخستنەوەی ناوبراو لە هەر ساتێکدا کە زۆرینەی کۆمارییەکان بڕیاری لەسەر بدەن.

مەکارتی دوای هەڵبژاردنی ڕاگەیاند کە سیستەمی ئەمەریکا لەسەر بنەمای کونتڕۆڵ و باڵانس دامەزراوە و گوتی کاتی ئەوە هاتووە ئەنجومەنەکە ئەو هاوسەنگییە بگەڕێنێتەوە بەرامبەربە سیاسەتەکانی سەرۆک کۆمار.

سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەولەویەتی بەرنامەی کۆمارییەکان لە خولی نوێی کۆنگرێسدا، چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتە.

مەکارتی بەر لە هەڵبژاردنەکان بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندبوو کە پلانەکانی بریتین لە مامەڵەکردنە لەگەڵ هەڵاوسان و بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی تاوان و ئاسایشی سنوورەکان و هەروەها لەگەڵ ئەوەدایە کە ڕێگە بدرێت پێشنیاری لێپێچینەوە لە جۆو بایدن بەردەوام بێت.

هەندێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان پێشتر هەنگاویان بەو مەبەستە هەڵگرتبوو. تێد کروز، سیناتۆری کۆمارییەکان ڕایگەیاندبوو کاتێک کۆمارییەکان بەسەر کۆنگرێسدا زاڵ بن، فشارەکان بۆ بەرەوپێشچوون بە لێپێچینەوە لە جۆو بایدن زیاتر دەبن.

شرۆڤەکاران ئەم کارە ئەگەرییەی کۆمارییەکان بەرامبەر بە بایدن لە کۆنگرێس وەک تۆڵەسەندنەوەی چەندین جار لێپێچینەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ناودێر دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG