Accessibility links

لە کاتێکدا ئاگربەستی تاکلایەنە لە ئۆکرانیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام دۆخی هێڵی پێشەوە ڕوون نییە


ئاگربەستی تاکلایەنە لە ئۆکرانیا کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژی هەینی بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام چەند کاتژمێرێک پێش ئاگربەستەکە شەڕ و پێکدادانەکانی دووبارە بەخۆیەوە بینی، کیێڤیش وەک فێڵێک ئەو هەنگاوەی ڕەتکردەوە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی کەناڵی ١ی ڕووسیا ڕایگەیاند ئاگربەستەکە لە نیوەڕۆوە بەکاتی مۆسکۆ بە درێژایی تەواوی هێڵی پەیوەندی لە شەڕەکدا دەستیپێکردووە.

پوتین ڕۆژی پێنجشەممە لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا فەرمانی ئاگربەستی ٣٦ کاتژمێری لە شەڕی ١٠ مانگەدا دەرکرد و ڕایگەیاندبوو کە بە بۆنەی جەژنی کریسمسی مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکانی ڕووسیاوەیە.

بەڵام ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەم هەڵوێستەیان بە فێڵێک ناو برد کە ئامانج لێی پێدانی کاتە بە مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی سەرباز و کەرەستەکانی بەدرێژایی بەرەی ڕۆژهەڵات.

پێشتر بەیانی هەینی، کە جەژنی کریسمسە بۆ ڕووسەکان و زۆرێک لە ئۆکراینییەکان، تۆپەکانی ڕووسیا لە شاری کراماتۆرسکی ئۆکرانیایان هەژاند کە نزیکە لە هێڵی پێشەوەی ناوچەی پیشەسازی دۆنێتسک کە ڕووسیا ئیدیعای خاکی خۆی دەکات.

ئۆلێکساندر هۆنچارێنکۆ، سەرۆکی شارەوانی کراماتۆرسک لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند "کراماتۆرسک لە ژێر تۆپباراندایە. لە پەناگەدا بمێننەوە". وردەکاری زیانەکانی نەخستەڕوو.

ئاژانسی هەواڵی (تاس)ی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، دوای ماوەیەکی کەم لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، بەرپرسانی پاڵپشتیکراوی ڕووسیا ئۆکرانیایان تۆمەتبار کرد بەوەی بە تۆپخانە شاری دۆنێتسکی تۆپباران کردووە.

سەرەڕای ئەوەی هۆشداریی هێرشە ئاسمانییەکان لە چەند ناوچەیەکدا دەنگی دایەوە، بەڵام دوای کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، هیچ هێرشێکی ئاسمانی گەورە لەلایەن بەرپرسانی ئۆکراینەوە ڕاپۆرت نەکرا.

پێشتر شەڕ لە وەرزی جەژنەکاندا خاو نەبوونەتەوە و ڕووسیا شەپۆلی هێرشی ئاسمانی لە سەری ساڵی نوێدا زیادکرد، کە بەزۆری کاتێکی ئاهەنگگێڕانە لە هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG