Accessibility links

بۆ یەکەم جار ژنێکی ترانسجێندەر لە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا سزای مەرگی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت


زیندانییەک لە ویلایەتی مزوری بەهۆی کوشتنی کەسێک لە ساڵی 2003 سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا دەڵێن بڕوا دەکرێت ئەمە یەکەم ژنی ترانسجێندەر بێت لە مێژووی ئەمەریکا سزای مەرگی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.

ئێمبەر مکلافڵن، تەمەن 49 ساڵ بە کوشتنی هاوڕێیەکی پێشووی کچی و فڕێدانی تەرمەکەی لە نزیک ڕووباری مسسیپی لە سان لوس، تاوانبار کرابوو. چارەنوسی مکلافڵن سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە بڕیاری لەسەردرا کاتێک مایک پارسن، فەرمانڕەوای ویلایەتەکە کە کۆمارییە ئامادەنەبوو داواکاری لێخۆشبوونەکەی مۆربکات.

سزاکە بە کوشتن بە ڕێگای دەرزی جێبەجێ کرا.

بە پێی زانیارییەکانی نێوەندێکی دژ بە جێبەجێکردنی سزای مەرگ، لەوەتای لە ناوەڕاستی 1970 کانەوە سزای مەرگ لە ئەمەریکا نوێکراوەتەوە هەزار و 558 کەس سزای مەرگیان بەسەداجێبەجێ کراوە کە زۆربەیان پیاو بوون تەنها 17 ژنی تێدابووە.

نێوەندەکە دەڵێت بە پێی زانیارییەکانیان ئەمە یەکەم کەسە کە زانراوە ترانسجێندەرە، سزای مەرگی بەسەردا جێبەجێبکرێت.

(ترانسجێەر بەو کەسانە دەگوترێت کە پێناسەی ڕەگەزی و دەربڕینی ڕەگەزییەکەی لەگەڵ ئەو ڕەگەزەی لەکاتی لەدایکبووندا بۆی دیاری کراوە یەکناگرێتەوە)

لە داواکاری لێخۆشبوونەکەدا نوسراوە کە مکڵافڵن بەهۆی ڕووداوە ناوخۆشەکانی کە لەمنداڵیدا بینیویەتی کێشەی دەرونی هەیە. ئەم بابەتە هەرگیز لە میانەی دادگاییکردنەکەیدا بەرگوێی دەستەی سوێندخۆران نەکەوتبوو.

بەپێی داواکارییەکە دایک و باوکە بەخێوکەرە کاتییەکەی، کاتێک کە منداڵ بوو پیساییان لە دەموچاوی دەدا و پاشان ئەو باوکەشی کە بۆ هەمیشەیی لە خۆی گرتبوو دەمانچەی بێهۆشکەری لە دژی بەکارهێنابوو.

دەشڵێت بەهۆی کۆمەڵێک گرفتی دەرونییەوە چەند جارێک هەوڵی خۆکوشتنی داوە تەنانەت بە مناڵیش.

هەروەها داواکارییەی لێخۆشبوونەکەی ئاماژەی بەدەستنیشانکردنی جێندەر دیسفۆریا، ناڕێکی لە ڕەگەزی کردووە ئەمەش حاڵەتێکە کە دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر و گرفتی تریش کە لە ئەنجامی نایەکسانی نێوان ناسنامەی ڕەگەزی کەسێک و ڕەگەزی دیاریکراوی لە کاتی لەدایکبوونیدا دروست دەبێت.

بەڵام لاری کامپ، پارێزەری مکلافڵن بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتدی گوت پێناسەی ڕەگەزی مکلافڵن " سەرنجی سەرەکی نەبووە" بۆ داواکاری لێخۆشبوونەکە.

ئەو لە ساڵی 2003 بەرەلەوەی ببێت بەترانسجێندەر بە هۆی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی خۆشەویستە کچەکەی بە چەقۆ، دەستگیرکرا.

لە ساڵی 2006 بە کوشتنی بەئەنقەست تاوانبارکرا.

پاش ئەوەی دەستەیەکی سوێندخۆران گەیشتنە بنبەست بۆ بڕیاری سزاکەی، دادوەرێک سزای لەسێدارەدانەکەی بەسەردا سەپاند.

کامپ دەڵێت ویلایەتەکانی مزوری و ئیندیانا تەنها دوو ویلایەتن لە ئەمەریکا کە ڕێگە بدەن دادوەرێک سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسێکدا بدات.

پاشان دادگایەک لە ساڵی 2016 بڕیاریدا دانیشتنی نوێی لەسەر سزاکە بکرێت، بەڵام پانێڵێکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی لە ساڵی 2021دا سزای لەسێدارەدانەکەی وەک خۆیهێشتەوە.

بابەتی سزای لەسێدارەدان لە ئەمەریکا یەکێکە لە بابەتە هەرە مشتومڕلەسەرەکان لە دوای بابەتەکانی منداڵ لەباربردن و کۆنترۆڵکردنی چەکەوە.

بە پێی نێوندی زانیاری سزای لەسێدارەدان، لە 23 ویلایەتی ئەمەریکا سزای لەسێدارەدان نییە، لە 24 ویلایەت سزاکە هەیە و لە 3 ویلایەتیش بە پێی یاسای فیدڕاڵی دەڕۆن و ئۆفیسی فەرمانڕەوا بۆی هەیە هەر سزایەکی کە لە دادگا درابێت هەڵبوەشێنێتەوە.

شێوازی ئەنجامدانی سزای مەرگەکەش جیاوازییان هەیە بۆ نمونە کوشتنی مکلافڵن لە ویلایەتی مزوری بە لێدانی دەرزی ئەنجام دراوە، بەڵام جگە لەمە چەند شێوزاێکی تریش بەکاردێت بۆ نمونە لێدانی کارەبا، گاز، لەسێدارەدان و دەستڕێژی گولە. لەسێدارەدان تەنها لە سێ ویلایەتدا ڕێگەی پێدراوە کە بژاردەی یەکەمیان دەرزییەکەیە و لە ساڵی 1976 وە تەنها سێ کەس بەو شێوازە لەسێدارەدراون.

یەکێکی تری لە جۆرەکانیش کە زۆر کەم بەکارهاتووە شێوازی دەستڕێژکردنە ئەویش تەنها لە 4 ویلایەتدا ڕێگەی پێدراوە و لە ساڵی 1976 وە تەنها سێ کەس بەو شێوەیە سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

زۆرترین شێوازی کە بەکارهاتووە شێوازی کوشتنە بە دەرزی کە لە 79 وە تا ئێستا 1379 کەس بەوجۆرە سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێکراوە.

ئامانجی ئەو شێوازەش ئەوەیە کە تا بتوانرێت کەمترین ئازاری جەستەیی بە کەسەکە بگەیەندرێت.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئەسۆشیەیتد پرێس وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG