Accessibility links

فەلەستینییەکان دەستخۆشی لە دەنگدانێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن


ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

فەلەستینییەکان ڕۆژی شەممە پێشوازییان لە دەنگدانێکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە داوای کرد دادگای نێودەوڵەتی بۆچوونێک سەبارەت بە دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشکەش بکات.

دادگای نێودەوڵەتی کە بنکەی لە لاهایە و بە دادگای جیهانیش ناسراوە، دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە کە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان و نەتەوەکاندا دەکات. بڕیارەکانی پابەندکەرن، هەرچەندە دادگای نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنیان نییە.

سەرەڕای ئەوەش دەنگدانەکەی ڕۆژی هەینی ئاڵنگارییەک بۆ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئیسرائیل دەخاتە ڕوو، کە ڕۆژی پێنجشەممە بە سەرۆکایەتی حکومەتێکی ڕاستڕەوی توند دەستبەکاربوو، کە ئەو لایەنانە لەخۆدەگرێت کە داکۆکی لە زەوییە داگیرکراوەکانی کەناری ڕۆژئاوا دەکەن کە لکێنراون بە ئیسرائیلەوە.

ئیسرائیل لە شەڕێکی ساڵی 1967 دا کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە و قودسی ڕۆژهەڵاتی گرت، ئەو ناوچانەی کە فەلەستینییەکان داوای دەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک. دانوستانەکانی ئاشتی لە ساڵی 2014 وە تێکچوو.

نەبیل ئەبو ڕودەین، وتەبێژی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ملکەچی یاسا بێت، و لێپرسینەوە لە تاوانە بەردەوامەکانی لە دژی گەلەکەمان بکرێت".

حسێن ئەلشێخ بەرپرسی باڵای فەلەستین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، دەنگدانەکە "دەرخەری سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی فەلەستینە". 87 ئەندام هەبوون کە دەنگیان بە پەسەندکردنی داواکارییەکە دا، ئیسرائیل و ئەمەریکا و 24 ئەندامی دیکە دەنگی نەخێریان دا، و 53 نەندامیش خۆیان بەدوور گرت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG