Accessibility links

تورکیا سیاسەتمەدارانی فەرەنسی بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیی کوشتنی کوردەکان سەرکۆنە دەکات


تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە سیاسەتمەدارانی فەڕەنسای شەرمەزارکرد بە بەشداریکردنی لە ناڕەزایەتییەکی پاریس لە بەرامبەر کوشتنی سێ کورد، کە تیایدا خۆپیشاندەران ئاڵای پارتی کارکەرانی کوردستان (پەکەکە)یان هەڵکرد.

هەفتەی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرانی کورد ڕوویدا کە تووڕە بوون لە کوشتنی سێ ئەندامی کۆمەڵگاکەیان لەلایەن چەکدارێکەوە لە ڕۆژی هەینیدا.

بەشێک لە خۆپیشاندەران ئاڵای پەکەکەیان هەڵکرد کە لەلایەن تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەدکراوە و پۆستەری ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان، عەبدوڵا ئۆجەلانیان هەڵگرتبوو.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ کاترین کۆلۆنا هاوتا فەرەنسییەکەی، گلەیی لە گردبوونەوەکە کردووە.

وەزارەتەکە دەڵێت: "وەزیر چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە قبوڵ ناکرێت کە سیاسەتمەدارانی فەرەنسا بەشداری لە بۆنە (ناڕەزایەتییەکان)دا بکەن کە تێیدا ئاڵای ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و پۆستەری سەرکردەکەی هەڵکران. وتی نابێت فەرەنسا ڕێگە بەو جۆرە چالاکییانە بدات".

تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە باڵیۆزی فەڕەنسای بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی "تێوەگلانی بەرپرسانی حکومەتی فەرەنسا و سیاسەتمەدارانی فەرەنسا لە پڕوپاگەندەی دژە تورکیا" سەکۆنە بکات.

جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، حکومەتی فەرەنسا داوای لە پۆلیس کردووە پاراستنی شوێنە کۆمەڵایەتییە کوردییەکان دوای کوشتنەکان بەهێزتر بکات. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، کورد بوونەتە ئامانجی هێرشێکی "قێزەون".

سەرچاور/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG