Accessibility links

ڕێکخراوێکی جیهانی پاراستنی منداڵان دەڵێت ئەو منداڵانەی لە کەمپی هۆل و ڕۆژدا گیریان خواردووە، ژیانیان لە مەترسیدایە


کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

ڕێکخراوێکی پاراستنی منداڵان ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشداریی دا، نزیکەی حەوت هەزار منداڵی جیهادییە گومانلێکراوە بیانییەکانی کە لە کەمپە قەرەباڵغەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا نیشتەجێکراون، مەترسی هێرشیان لەسەرە و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

لەو کاتەوەی کە لە ساڵی 2019 داعش لە سوریا شکستیهێنا، نزیکی 56 هەزار کەسی کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەژیان، لە ناویاندا کەسوکاری چەکدارانی داعشیش لە کەمپی ئەل هۆل و کەمی ڕؤژی ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندان لە سوریا.

مات سەگرو لە ڕێکخراوی منداڵ پارێز کە لە کەمپەکاندا کاردەکات دەڵێت " ئەم منداڵانە لە دۆخێکی زۆر ناهەمواردا گیریان خواردووە و ڕۆژانە دەخرێنە مەترسییەوە." گوتیشی " کات بەدەستەوە نییە بۆئەوەی بە فیڕۆی بدەی."

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

لەو کەمپانەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە کورد تیایدا باڵادەستە بەڕێوەدەبرێن، زیاتر لە 10 هەزار کەسی بیانی نزیکەی 60 وڵاتی جیاواز لە بەشێکی جیادا دانراون.

بە پێی ڕێکخراوی منداڵ پارێز لە ساڵی 2021دا 74 منداڵ لە کەمپی هۆل گیانین لەدەستداوە کە هەشت لەوانە کوژراون.

مانگی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی "کوشتنی دڕندانە"ی دوو کچە میسری کرد کە تەرمەکانیان لە ئاوەڕۆکانی کەمپی هۆل دۆزرایەوە و ڕێکخراوی خێرخوازی پزیشکانی بێ سنوور کەمپەکەی بە "زیندانێکی گەورەی کە ئاسمانی کراوەیە" وەسف کرد.

لە ساڵی 2022دا ژمارەیەکی پێوانەیی 517 ژن و منداڵ گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر بە ڕێژەی لەسەدا 60 زیاتربوو، بەڵام سەگرو داوای کرد ئەم هەوڵانە "بەردەوام بن و هەنگاوی زیاتر بنێن".

گوتیشی "بەو ڕێژەیەی کە حکومەتە بیانییەکان هەنگاو دەنێن، دەبینین هەندێک لە منداڵەکان گەورەدەبن پێش ئەوەی بتوانن ئەو کەمپانە بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان".

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

بەگوێرەی ئاماری منداڵ پارێزی جیهانی ، لە ساڵی 2019ەوە تا ئێستا هەزار و 464 ژن و منداڵ گەڕێندراونەتەوە وڵاتی خۆیان.

مەریەمی تەمەن 32 ساڵی تونسی، دایک پێنج منداڵە لە کەمپی هۆل دەژێت بە ڕێکخراوی مندال پارێزی گوتووە " دڵم دەسوتێت کە دەبینم منداڵەکانم لەم شوێنەدا گەورە دەبن و بێبەشن لە خوێندن".

بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش هەمیشە داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەن هاووڵاتییەکانی خۆیان کە لە کەمپی هۆلدان بگێڕنەوە.

سەرچاوە/ ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG