Accessibility links

سەرۆک بایدن دەڵێت ئەمەریکا لە فەڕەنسا باشتر نادۆزێتەوە بۆ کارکردن لە پێناو ئاشتی و ئازادی


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی پێشوازیکردنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی سپی وتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە فەڕەنسا باشتر نادۆزێتەوە بۆ کارکردن لە پێناو ئاشتی و ئازادی و سەرفرازی.
وتیشی فەڕەنسا و ئەمەریکا داکۆکی لە بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن. جەختی لەوەش کرد هەردوو وڵات پابەندن بە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانی دووچاری کەش‌وهەوای زەوی دەبنەوە.

سەرۆکی فەڕەنسا لای خۆیەوە وتی هاوپەیمانێتی ئەمەریکا و فەڕەنسا یەکێکە لە بەهێزترین هاوپەیمانێتییەکان، بۆیە دەبێت پێکەوە کۆمەڵگاکانیان لەسەر ڕێزگرتن لە یەکتر و نەهێشتنی ڕق و کینە بنیاتبنێین.


سەرۆک ماکرۆن و بریجیت ماکرۆن خانمی یەکەمی فەڕەنسا شەوی سێشەممە گەیشتنە ئەمەریکا و لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا لەلایەن سەرۆک بایدن و جێڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمەریکا و هەروەها کاربەدەستانی دیکەی باڵای ئەمەریکا.

سەرۆک بایدن و خانمی یەکەمی ئەمەریکا لە تویتێکدا پێکەوە بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی فەڕەنسا و خانمی یەکەمی فەڕەنسا نووسیویانە،" ڕەنگە لەم ڕۆژە درەوشاوەی مانگی دوازدەیەدا کەش‌وهەوا ساردبێت، بەڵام دڵمان گەرمە بۆ پێشوازیکردن لەم هاوڕێیانە لە کۆشکی سپی."


سەرۆک ماکرۆن و خانمی ماکرۆن شەوی پێنجشەممە لە ئێوارەخوانێکی فەرمی لە کۆشکی سپی میوانداری کران. ئەمە یەکەم جارە ڕێبەرێکی بیانی لەلایەن سەرۆک بایدنەوە ئێوارەخوانێکی وەهای لە کۆشکی سپی بۆ سازبکرێت.

سەرۆک بایدن و جێڵ بایدن شەوی چوارشەممە لە ڕێستورانتێکی ئیتالی ناوچەی جۆرج تاونی واشنتنی پایتەخت دەعوەتی سەرۆک ماکرۆن و بریجیت ماکرۆنیان کرد.

لە ئێستادا واشتنن و پاریس لەسەر زۆر بابەتی جیهانی کۆکن، بە تایبەتی هەڵوێستیان لە بەرامبەر هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

بەڵام سەرەڕای ئەو پەیوەندییە باشانە، فەڕەنسا و ئەوروپا بە گشتی نیگەرانن لە یاسای ئەمەریکایی بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسانی ئابوری لە ئەمەریکا کە بە بەهای 430 ملیار دۆلار پشتیوانی لە بەرهەمەکانی ئەمەریکا دەکات. دەڵێن ئەم یاسایە زیان بە ئابوری ئەوروپا دەگەیەنێت بە تایبەتی کە لە ئێستادا شەڕی ئۆکرانیا زۆر لەسەریان کەوتووە.

XS
SM
MD
LG