Accessibility links

عێراق مەرجی ڤاکسین و پشکنینی کۆرۆنای لەسەر گەشتیاران لابرد


…

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراقی فیدراڵی و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی مەرجەکانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرەسی کۆرۆنا و پشکنینی کۆرۆنای لەسەر گەشتیارانی هاتوو بۆ ناوخۆ و ڕۆیشتوو بۆ دەرەوەی عێراق هەڵگرت.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستی عێراق کە واژۆی وەزیری تەندروستی عێراقی لەسەرە ئەمڕۆ چوارشەممە 30 ی مانگی یازدە چەند بڕیارێکی سەبارەت بە مەرجەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ گەشتیارانی هاتوو و ڕۆیشتوو لە عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لە بەرواری سبەی پێنج شەممە 1 ی مانگی دوازدە چیتر بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا، یاخود پشکنینی (PCR) لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنورییەکانەوە لە گەشتیارانی هاتوو بۆ عێراق یاخود ڕۆیشتوو لە عێراقەوە داوا ناکرێت و پێویست نیە. "


لە بەشێکی تری بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەش هاتووە کە" بەستنی ماسک لە شوێنە کراوە و داخراوەکانی لە عێراقدا پێویست نیە، تەنها لەناوەندە تەندروستییەکاندا بەستنی ماسک پێویستە. "

هەروەها لای خۆشیەوە لە ڕێنماییەکی نوێدا (دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی) ڕایگەیاند" سەرجەم گەشتیارانی (عێراقی و بیانی) و هێڵە ئاسمانیەکان ئاگادار دەکاتەوە لە ڕێکەوتی(1 ی مانگی دوازدە)ەوە لەکاتی گەشتکردنی (هاتن و ڕۆشتن) لە فڕۆکەخانەکانی عێراق پێویستیان بە هیچ بەڵگەنامەیەکی ڤاکسین یاخود پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت.

جێی باسە لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرەسی کۆرۆنا، هاوشێوەی وڵاتانی تر، عێراق وەرگرتنی ڤاکسین، یاخود لانی کەم پشکنینی (PCR)ی بۆ کۆرۆنا کرایە مەرج بۆ هەرگەشتیارێک لە ڕێگای فڕۆکەخانە و خاڵە سنورییەکانەوە.


XS
SM
MD
LG