Accessibility links

نەبوونی بنکەیەکی ڕاگرتنی ژنان ئاستەنگی گەورەی لە بەردەم ژنانی سکاڵاکار و تۆمەتبار دروست کردووە


بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە و بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان و چالاکوانانی ژنان ئاماژە بە نەبوونی چاکسازی لە پارێزگای هەڵەبجە و نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ ڕاگرتنی ژنانی سکاڵاکار و تۆمەتبار دەکەنەوە و دەشڵێن هیچ ئەفسەرێکی ژن لە بەڕێوبەرایەتیەکانیان نیە، لە کاتی ڕاگرتنی هەر ژنێکی تۆمەتبار یان ژنێک کە توندوتیژی بەرامبەر کرابێت دەبێت زیاتر لە 105 کلیۆمەتر ببڕن تا بیگەییەنە پارێزگای سلێمانی.

نەبوونی بنکەیەکی ڕاگرتنی تایبەت بە ژنان لە هەڵەبجە و ڕێکارەکانی گواستنەوەی ژنان لە لە هەڵەبجەوە بۆ چاکسازییەکانی سلێمانی و ئەفسەری لێکۆڵینەوەی ژنان وایکردووە ژنانی لە هەڵەبجە ڕووبەڕووی چەندین گرفت کردووەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە 10 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 300 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە سنوری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی ئافرەتان و خێزان تۆمارکراون کە دیارترینیان جۆری توندوتیژی دژ بە ژنانیش لێدوان بووە.

موقدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەوان سێ ژووری ڕاگرتنی پیاوان و یەک ژووری ڕاگرتنی ژنانیان هەیە، کە شوێنێکی شیاونیە، تا ئێستاش هیچ چاکسازیەک بۆ ژنان وپیاوان لە هەڵەبجە دروست نەکراوە، مەترسی گواستنەوەی ڕاگیراوانی ژن و هێشتنەوەی تا پشکنینی کۆڕۆنای بۆ دەکرێت و پاشان گواستنەوەی چەندین ئاستەنگی بۆ ژنانی ڕاگیراو دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەفسەری ژنیان نیە لە لێکۆڵینەوەدا.

ڕەنگین سەلام چالاکوانی مافەکانی ژنان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کچێک کە شوێنێکی داڵدەدانی نیە، دەکەوێتە سەر شەقام، کچ هەبووە تووشی نەخۆشی دەروونی هەبووە و دەست درێژی سێکسی دەکرێتە سەر و نەحکومەت و نە ڕێکخراوەکان شوێنێکیان نیە بۆ داڵدەدانی، دوای چوونە ناو خێزانەکەی ڕووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە.

موقدەم بورهان ئەحمەد بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو ژنانەی کە سکالاکارن یان تۆمەتبارن، ئێمە هیچ شوێنێکمان نیە بۆ پاراستنیان، ئەمانە کەموکورتی زۆرن و ئەمەش وایکردووە ئاستەنگی لەبەردەم کارەکانی ئێمەشدا دروست کردووە، کە نەتوانین وەک پێویست مافی ژنان بگێڕینەوە .

لە پارێزگای هەڵەبجە حکومەت و ڕێکخراوەکان بە جیا کەیسەکانی توندوتیژ دژ بە خێزان دەبینن، لە سنوری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان 301 حاڵەت تۆمارکراوە کە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و قەزاکانی سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور دەگرێتەوە. لەناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەش 91 دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەلایەن 63 ژنەوە تۆمارکراون بە شێوەیەکی گشتی ئامارەکان ڕوویان لە هەڵکشانە و لە کاتێکدا هیچ بنکەیەکی تایبەت بە ڕاگرتن و داڵدەدانی ژنان لە سنوری بەڕێوبەرایەتیەکەدا نیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:30 0:00

XS
SM
MD
LG