Accessibility links

داوای کردنەوەی شێڵتەرێک بۆ پاراستنی ژنان لە هەڵەبجە دەکرێت


جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە تا ئێستا هیچ شێڵتەر و بنکەیەکی ڕاگرتنی تایبەت بە ژنان و نەوجەوانان لە پارێزگایی هەڵەبجە نیە، لەکاتی ئەنجامدانی توندوتیژ بەرامبەر بە ژناندا، ڕێکخراوەکان دەڵێن هیچ شوێنێکمان نیە تا ئەوساتەی کێشەکانی ژنان چارەسەردەبن تیایدا بیهێڵینەوە، بەناچاری دەبێت بیگوازینەوە بۆ سلێمانی ئەمەش گرفتی گواستنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان ئاڵۆزتردەکات، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژنان شێڵتەرێک لە پارێزگای هەڵەبجە بکاتەوە.

لەگەڵ زیاد بوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئەو کەیسانەی کە دەکەونە بەردەستی ڕێکخراوەکانی ژنان، داوای کردنەوەی شێڵتەرێک بۆ پاراستنی ژنان لەکاتی بوونی کەیسەکانی توندوتیژی لەبەرامبەریان دەکرێت، وەک خۆشیان ئاماژەی پێدەکەن لەکاتی بوونی مەترسی لەسەر ژناندا هیچ پەناگەیەکی ئارام لە پارێزگاکەدا نیە کە ژنان تێیدا بمێنەوە، بەڕێوبەرایەتی توندتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتانی هەڵەبجەش دەڵێن چەند بەشێکی نوێ لە بەڕێوبەرایەتیەکەیان دەکرێنەوە.

شارا عبدولکریم لێپسراوی لقی شارەزووری یەکیتی ژنان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"بوونی ژمارەیەک ژن لە پۆستە ئیداریەکان، مانای ئەوە نیە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان نیە، نەبوونی شێڵتەر یەکێکە لە گرفتە سەرەکیەکان، کاتێک ژنێک بەهۆی توندوتیژ لە ماڵ دەردەچێت ئێمە نازانین لە کوێ بیهێڵینەوە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سێ کەیس هەبوون ژنان چوونەتە سلێمانی و لەوێوە پەیوەندیان بە ئێمەوە کردووە."

مقدەمی مافپەروەر بورهان ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" داواکە ڕەوایە و پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بەو پێویستیانە بکات، بۆ سەقامگیرکردنی ژیانی ژنان ئێمە دەمێکە لە کار و پڕۆژەماندایە، سەنتەری ڕاوێژکاری لە بەڕێوبەرایەتیەکەمان دەکرێتەوە و داوامان کردووە بنکەیەکی داڵدەدانی ژنان و منداڵان و نەوجەوانان لە هەڵەبجە بکرێتەوە.

بەپێی وتەی ڕێکخراوەکانی تایبەت ژنان و ئافرەتان لە هەڵەبجە، ئامارەکانی توندوتیژی لە پارێزگای هەڵەبجە ساڵانە ڕوویان لە زیادبوونە، ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت هەندێکیان کەیسەکانیان دەچێتە بەردەم بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە و هەندێکی دیکەیان لەلای ڕێکخراوەکانە، ڕێکخراوەکان لە ڕێگەی پارێزەرەوە لەگەڵیان دەچنە دادگاکان، ئەمەش وایکردووە ساڵانە ئامارێکی دروست لەسەر کەیسەکان نەبێت کە هەر ڕێکخراو و دامەزراوەیەکی حکومی بەجیا کەیسەکان تۆماردەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:13 0:00
XS
SM
MD
LG