Accessibility links

ئەردۆغان: بەم نزیکانە هێرشێکی زەمینی بۆ ناو سوریا دەستپێدەکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕادەگەیەنێت تورکیا "بەم نزیکانە" ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە سوریا دژی چەکدارە کوردەکان لە سوریا ئەنجام دەدات.

ڕۆژی سێشەممە ئەردۆغان لە گوتارێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی " چەند ڕۆژێکە بە فڕۆکە و تۆپ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە دوای تیرۆرستان کەوتووین." لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتیشی " بە پشتیوانی خوا بەم زووانە بە تانک و تۆپخانە و سەربازەکانمان هەموویان لە ڕیشەکێش دەکەین."

ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکەی چەکدارە کوردییەکان لە باکوری سوریا و باکوری عێراق و لەو هێرشەدا 89 ئامانجیان تێکشکاندووە. وەزارەتەکە ئەم هێرشە وەک تۆڵەی تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەستەنبوڵ ناودێرکرد.

ئانکەرە چەکدارە کوردەکانی تۆمەتبارکردووە بە تەقینەوەکەی 13 ی ئەم مانگە لە ئەستەنبەڵ کە شەشی کەسی تێدا کوژرا و زیاتر لە 80 کەسیش برینداربوون.
هیچ کەس و گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ئەوە تەقینەوەیە ڕانەگەیاندووە و هەر لەو کاتەشدا چ پەکەکە و چ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش نکوڵیان لەوە کرد هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە هەبێت.

ئەمەریکا درەنگانێکی دووشەممە داوای هێورکردنەوەی ڕەوشەکەی کرد و ڕوسیاش ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، هیوادارە تورکیا "خۆڕاگر" بێت و خۆی لە "زۆربەکارهێنانی هێز" لە سوریا بپارێزێت.

ئەردۆغان وتی حکومەتەکەی دەزانێت "کێ ئەو تیرۆریستانە دەپارێزێت چەکیان پێ دەدات و هانیان دەدات". مەبەستی ئەم قسانەی واشنتن بوو کە بەشێوەیەکی زۆر لە شەری دژبە داعشدا پشتی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەستبوو.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ئێوارەی دووشەممە بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و ڕووداوەکانی دوای ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە بینیویانە تورکیا هێرشی ئاسمانی لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە و هێزە کوردییەکان لە سوریاش هێرشیان کردووەتە سەر باشووری تورکیا.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی پنتاگۆن، ئەمریکا دژی هەموو چالاکییە سەربازییەکانە کە زیان بە سەقامگیریی سوریا و سەروەری عێراق دەگەیەنن. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو چالاکییانە هەڕەشە لە ئامانجە هاوبەشەکانی وەک شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەن.

XS
SM
MD
LG