Accessibility links

سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت هێرشەکەی ئەستەنبوڵ بەکاردەهێنرێت بۆ بۆردومانکردنی کورد


سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پاش ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا داوای ئاشتی کرد.

سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدیرنە زیندانی کراوە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، ئەو ئازار و توڕەییەی بەهۆی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە دروستبووە، خراپ بەکاردەهێنرێت و کورد بۆردومان دەکرێت.

دەمیرتاش ڕۆژی دووشەممە زنجیرەیەک تویتی کردووە و تیایدا دەڵێت " بۆمبێک لەلایەن ڕێکخراوێکی پیس لە ئیستیقلال دەتەقێننەوە و خەڵکی بێتاوان سەردەبڕن. بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بێدەنگ بکەن کە پرسیار لەسەر ڕاستییەکانی پشت ئەم هێرشە تیرۆریستییە دڕندانەیە دەکەن، بە لایەنگری تیرۆر دەیانناسێنن."

سەڵاحەدین دەمیرتاش کە یەکێکە لە سیاسەتمەندارە هەرە بەناوبانگەکانی تورکیا و نزیکەی شەش ساڵە لە زینداندایە بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە کە خۆی نکوڵی لێدەکات لە بەشێکی تری تویتەکەیدا دەڵێت ئازارو توڕەییەکانی خەڵکی بۆ ڕووداوەکەی ئیستیقلال بەکاردەهێنن و " کورد بۆردومان دەکەن."

دەمیرتاش دەڵشڵێت " ئێمە تورک ناکەین بەقوربانی کورد، کورد ناکەین بەقوربانی تورک، ڕادەستی سیاسەتی شەڕی پیس نابین، دەست دەکەین و دەبینە کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئاشتی و برایەتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی، ئایا ئەوەندە قورسە بڵێین " بژی ئاشتی"؟ "

دەمیرتاش گەشبینی خۆی دەربڕی کە پێکەوە کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و برایەتی دروست دەکەن.

لە ڕۆژی 13 ی ئەم مانگە تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسیقلالی ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی 6 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 80 کەس.

بەرپرسانی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشەوە نییە.

XS
SM
MD
LG