Accessibility links

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ڕووسیادا کۆدەبێتەوە


وتەبێژێکی کۆشکی سپی دەڵێت بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس لە تورکیایە تاوەکو پەیامێک بدات بە سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سەبارەت بە دەرەنجامەکانی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕووسیاوە.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمە یەکەمین جارە کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی نێوان دوو بەرپرسی باڵای ڕووسیا و ئەمەریکا ئەنجام بدرێت، ڕۆژی دووشەممە بێرنس لە ئەنقەرە بوو تاوەکو لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بیانی ئێس ڤی ئاڕی ڕووسیا سێرگێی ناریشکیندا کۆببێتەوە.

وتەبێژەکە وتی " ئەو هیچ جۆرە گفتوگۆیەک ئەنجام نادات. لەوێ باس لە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک ناکات بۆ جەنگەکەی ئۆکرانیا. ئەو لەوێیە تاوەکو پەیامێک بگەیەنێت لەسەر دەرەنجامەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕووسیاوە، هەروەها مەترسییەکانی پەرەسەندنی جەنگەکە بۆ سەر سەقامگیری ستراتیژی. هەروەها پرسی دۆسییەکانی ئەو ئەمەریکییانەش دەوروژێنێت کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە ڕووسیا دەستبەسەر کراون."

بێرنس کە پێشتر باڵیۆزی ئەمەریکا بووە بۆ ڕووسیا و لە کۆتایی ساڵی 2021 دا لەلایەن سەرۆک جۆو بایدنەوە ڕەوانەی مۆسکۆ کرا تاوەکو هۆشداری بداتە پوتن دژی کۆکردنەوەی سەربازەکان لە دەوروبەری ئۆکرانیا، باس لە ئەگەری ڕێککەوتنێک ناکات بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

وتیشی " پێشتر ئۆکرانیامان لەم گەشتە ئاگادار کردۆتەوە. سوورین لەسەر پابەندبوون بە بنچینە سەرەکییەکانمانەوە: هیچ شتێک سەبارەت بە ئۆکرانیا بەبێ ئۆکرانیا ڕوونادات."

پوتن چەند جارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ڕووسیا ئەوا بە هەموو ئامڕازەکانیەوە بەرگری لە خاکی ڕووسیا دەکات، بە چەکی ئەتۆمیشەوە.

دوای ئەوەی لە مانگی نۆدا ڕووسیا لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند، ئەم لێدوانانەی پوتن لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە.

کۆبوونەوەکەی ئەمەریکا و ڕووسیا لە تورکیا سەرەتا لەلایەن ڕۆژنامەی کۆمەرسانتی ڕووسیاوە بڵاوکرایەوە. کاتێک پرسیار لە کرێملن کرا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی کۆمەرسانت، وتی ناتوانێت نە پشتڕاستی بکاتەوە و نە ڕەتیشی بکاتەوە. دەزگای هەواڵگری بیانی ڕووسیاش ڕەتی کردەوە لێدوان بدات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG