Accessibility links

تەقینەوەیەک لە ئەستەنبوڵ دەیان قوربانی لێدەکەوێتەوە


تەقینەوەیەک لە شاری ئەستەنبوڵ کە گەورەترین شاری تورکیایە، لەسەر شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی تەقسیم ڕوویدا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکە 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 53 کەسیش برینداربوون.

بەڵام پێشتر عەلی یەرلیکایا پارێزگاری ئەستەنبوڵ ژمارەی قوربانیانی بە 4 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بە38 کەس ڕاگەیاندبوو. ئەو ئاماژەی بەوەش کردبوو کە بریندارەکان لە ژێر چارەسەریدان. بەڵام یەرلیکایا هیچ زانیارییەکی لەبارەی هۆکاری هێرشەکە نەدا و وتی "دواتر خەڵک ئاگادار دەکرێنەوە".

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئەستەنبوڵ دەڵێت دوای تەقینەوەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی نەخۆش گواستنەوە و پۆلیس چوونە شوێنی ڕووداوەکە و پۆلیس هەموو ڕێگاکانی بەرەو شەقامی ئیستیقلال داخست و ناچەکەی چۆڵکرد.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، خەڵکێکی زۆر لەسەر لە زەوی کەوتوون و زیانیان پێکەوتووە.

ئەکرێم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ هەڵسانگاندنی زیانەکان.

ئیمامئۆغڵو هەروەها لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە وێنەی خۆی لە شوێنی ڕووداوەکە بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت "زانیاریم لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەمان لە شەقامی ئیستیقلال وەرگرت. ئەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان لە ناوچەکەدا. هەروەها کارمەندانی چاودێری تەندروستیمان زۆر کاردەکەن. جارێکی تر هیوای داوا لە یەزدان دەکەم لە کوژراوەکان خۆشبێت و داوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەکەم."

میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە تەقینەوەکە کاتژمێر 1:30 خولەکی پاش نیوەڕۆ بەکاتی ناوخۆی تورکیا ڕوویداوە. لێکۆڵینەوەکان لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG