لە کەنار دەریایەک لە سەنیگال لەناو زبڵێکی پلاستیکی زۆر کە لمی کەنار دەریاکەی داپۆشیووە، پیاوێک هەوڵ دەدات هۆشیار دەربارەی مەترسییەکانی پلاستیک بڵاوبکاتەوە، بە لەبەرکردنی چەندین کیس و پارچەی پلاستیکی کە لەوانەیە بەم زووانە بەشێک بن لە زبڵەکان.
چالاکوانی ژینگەیی مۆدۆ فۆڵ، کە زۆر بە سادەیی بە "پیاوی پلاستیکی" ناوی دەبەن، جەخت لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی پلاستیک دەکاتەوە بۆ هەر کەسێک کە پیاسەیەک بەسەر ئەو کەنارەدا دەکات.
ئەو ڕێکخراوێکی ژینگەیی دامەزراند بەناوی 'خاوێنی سەنیگال'، کە کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری لە ڕێگەی هەڵمەتە پەروەردەییەکان و هاندان بۆ بەکارهێنانەوەی دووبارەی پلاستیک.
ڕۆژانە باسی پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەوە بۆ منداڵەکان دەکات و داوایان لێدەکات ڕێز لە ژینگە بگرن.
ناوبراو بە خەڵک دەڵێت گۆڕانی کەشوهەوا ڕاستەقینەیە، بۆیە دەبێت هەوڵبدەین شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ڕەفتارەکانمان بگۆڕین بۆ ئەوەی باشتر خۆمان لەگەڵ ئەم گۆڕانەدا بگونجێنین.
مودۆ دەڵێت هەندێک کەس وەک شێتێک سەیری دەکەن، بەڵام زۆرجار ئەو کەسانە نازانن ڕادەی مەترسی پلاستیکەکان چەندە، دەکرێت بۆچوونەکانیان بگۆڕن کاتێک دەرفەتێکیان پێدەدرێت و مەترسییەکانی پلاستیکیان بۆ ڕوون دەکرێتەوە.
ئەو دەڵێت خێزان و ژن و منداڵەکانی هەندێکجار لە ڕێگەی دەرکەوتنی لە تەلەفزیۆنی ناوخۆیی گوێ لە پەیامەکانی دەگرن و تێدەگەن و پشتگیری کارەکانی دەکەن لە کاتێکدا لە سەرەتاوە پشتگیرییان نەکردووە.