Accessibility links

چاوەڕوانییەکان بۆ کۆبوونەوەی بایدن و سەرۆکی چین لە بالی


کۆبوونەوەیەکی زۆر چاوەڕوانکراو لە نێوان جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و شی ژینگ پینگ سەرۆکی چین هەیە، کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە بالی لە ئەندەنوسیا لە پەراوێزی لوتکەی گروپی 20ی ئابوورییە گەورەکانی جیهان بەڕێوەبچێت.

بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، هەردوو سەرۆک باس لە هەوڵەکان دەکەن بۆ پاراستن و قووڵکردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و کارکردن پێکەوە لەو شوێنانەی کە بەرژەوەندییەکان یەکدەگرنەوە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “سەرۆک بایدن ڕاشکاوانە قسە لەسەر کۆمەڵێک نیگەرانی دەکات، لەوانە چالاکییەکانی کۆماری گەلی چین کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەرووی تایوان دەکات، هەروەها نیگەرانییە درێژخایەنەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەشێوەیەکی فراوانتر ئەو نیگەرانیانەی کە ئێمە و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لەبارەی پراکتیزە ئابوورییە زیانبەخشەکانی چینەوە هەمانە.”

ئەمە یەکەم پەیوەندی ڕووبەڕووی بایدن دەبێت لەگەڵ شی لە دوای دەستبەکاربوونی، ئەو دوو سەرۆکە تا ئێستا پێنج جار لە ڕێگەی ئۆنلاین یەکتریان بینیوە و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کردووە.

کۆبوونەوەی بالی زیاتر هەوڵێکە بۆ هێشتنەوەی هێڵە کراوەکانی پەیوەندی نێوان ڕکابەرەکان و چاوەڕوان ناکرێت هیچ جۆرە لێدوانێکی هاوبەش دروست بکات.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، بایدن پرسە جیهانی و ناوچەییەکان دەوروژێنێت، لەوانە شەڕی ئۆکرانیا و مانۆڕەکانی ئەم دواییەی کۆریای باکوور، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەیان مووشەکی هەڵداوە و گەشتە سەربازییەکانی لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور جێگیر کردووە. ئەو بەرپرسە ڕەتیکردەوە وردەکاری زیاتر باس بکات لەسەر ئەوەی کە بایدن داوای چ هاوکارییەکی تایبەت لە شی دەکات بۆ سنووردارکردنی جوڵەکانی کیم جۆنگ ئون.

تا ئێستا بەیژینگ بە فەرمی کۆبوونەوەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG