Accessibility links

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی: کێشەی تیرۆرکردنی پلەدارەکەی دژە تیرۆر لای کونسوڵخانەکان نییە بەڵکو لای دادگایە


ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بردنی دۆسیەی "تیرۆر"کردنی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆر بۆ لای کونسوڵخانەکان لەجێی خۆی نییە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دادگاوە هەیە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەو ناکۆکییەی سەریهەڵداوە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی نییە، بەڵام یەکێتی دووچاری هەڵچوون بووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت" ئێمە ناکۆکیمان لەگەڵ یەکێتی نییە، بەڵام یەکێتی لەخۆڕا ناکۆکی دروستکردووە، ئێمە و یەکێتی شەریکی سەرەکین، یەکێتی هێزێکی گرنگی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە، یەکێتی توشی هەڵچوون بووە لەسەر ئەو کارە تیرۆرستیەی لە ناو شاری هەولێر بەدەستی کۆمەڵێک کادیری ڕوویداوە و تۆمەتبارەکان داواکراون لەلایەن دادگاوە."

گوتیشی"سەرۆکی حکومەت و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، یەکێتی کام دەزگای هەواڵگیری دەوێ، ئەمەریکا، یاخود چین و ژاپۆن هەر وڵاتێکی دەوێ، با بێن شاهیدی لێکۆڵینەوەکان بن، بەڵام ئەوان لەوە نیگەران بوون، بابەتەکە لە میدیا بڵاوکرایەوە."

دوێنێ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ کونسوڵی هەندێک لە وڵاتاندا کۆبوویەوە، ڕوونکردنەوەی پێدان لەبارەی کوژرانی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆرەوە و هەندێک لەو فەرماندانەی دژە تیرۆریشی لەگەڵ بوو کە تۆمەتبار دەکرێن، لەوبارەیەوە عەلی عەونی وتی "ئەم کێشە لای کونسوڵ و ڕێکخراوی خێرخوازی نییە، ئەم کێشە لای دادگایە، جەنابی بافڵ تاڵەبانی یان تیمێکی باوەڕپێکراوی یەکێتی دەتوانن بێنە هەولێر و چاودێری لێکۆڵینەوەکان بکەن، وتی "کاک بافڵ بە تۆمەتبارەکان دەڵێت لەگەڵم وەرن بۆ هەولێر، ئەمە کێشە دروست دەکات، بەڵام حکومەت بە سنگ فراوانییەوە مامەڵە دەکات، ئەوانە داواکراون لەلایەن دادگاوە و دە ساڵی تریش بێت، دەبێت بێنە دادگا، با بێنە دادگا و بیسەلمێنن بێ تاوانن."


لەبارەی رەخنەکانی یەکێتی نیشتیمانی لەوەی، کە دان پێدانانی هەندێک لە دەستگیرکراوەکان پێش لێکۆڵینەوەی دادگا بڵاوکراونەتەوە و ئەمەش وایکردووە بڕیارەکە بە سیاسی بزانن، سەرکردەکەی پارتی دەڵێت "دانپێدانی ئەو کەسانە بە ڤیدیۆ مەوجودە، شار بە کامیرا کۆنترۆڵکراوە، کەس دەربازی نابێت، وەک چۆن بکوژی بەرپرسەکەی کونسوڵخانەی تورکیا لەماڵی کەریم خان گیرا، ئاوەهاش ئەمانە گیراون، سەردەمی نکۆڵیکردن تێپەڕیووە، بەڵگە و ڤیدیۆ هەیە."

هەرچەندە سەرکردەکەی پارتی ڕەتیدەکاتەوە وەکو حزب کێشەیان لەگەڵ یەکێتی هەبێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی هۆکاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، بۆ تاکڕەوانە بەڕێوەبردنی هەرێم و کێشەی نێوان هەردوو حیزبەکە دەگێڕنەوە، لەوبارەیەوە عەلی عەونی وتی"کێشەکە لای ئێمە نییە، لای ئەوانە، ئێستاش دەبێت بەشداری کۆبوونەوە بکەن و گلەیی و ڕەخنەکانیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم باس بکەن، گەر کێشەکەش سیاسییە، پارتی ئامادەیە بۆ دانوستان، هەرچەندە کێشەکە سیاسی نییە، بەڵکو ئەمنییە، ناکرێ خەڵک نەزانێت کێ بەرپرسەکەی دژە تیرۆری ناو هەولێرکوشتووە و بۆ کوشتوویەتی."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەردەمی کێشەکانی شەڕی ناوخۆ گەورەتر نیین، دەبێت لەکۆتاییدا پێکەوە دابنیشن، وتی "لەناو یەکێتی و پارتیدا، بەشی ئەوە خەڵکی هۆشیار و ژیر هەن، بتوانن زاڵ بن بەسەر ئەم کێشەیەدا، پێویست ناکات بەڕێز قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوە بکات، بەڵکو دەبێت خۆیان چاودێری ئاڕاستەی لێکۆڵینەوەکان بکەن لەبارەی کوژرانی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆر لەناو هەولێر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:05 0:00

XS
SM
MD
LG