Accessibility links

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باس لە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان دەکات


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە لە شاری هەولێر لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان کۆبووەوە.
میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێن لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ کراوە، لەوانە "ڕەوشی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و نیگەرانی یەکێتی لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێم و پرسی دەستگیراوانی بادینان و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان."

ڕابیحە محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئەویش بە دەنگی ئەمەریکای وت کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە ناکۆکییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی کرد و وتی " لە یەکەم ڕۆژی ئەو ڕووداوەی ڕووی دا، ڕووداوی شەهید کردنی عەقید هاوکار جاف کە ئەندامێکی چالاکی خۆمان بووە لە پلە سەربازییەکەی، پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتێکی زۆر کورتدا هەندێک بەیاننامەی لێکچووی بڵاوکردەوە، وە لە هەمان کاتیشدا چەند کاتژمێرێکی نەبرد تر هێرشکرایە سەر ماڵی چەند کەسێک و تاوانبار کران بەوەی کە ئەوان ئەو کردەوەیان ئەنجامداوە. ئەمە خۆی کارێکی تیرۆریستیە لە هەر شوێنێک ڕووبدات، وە یەکەم شت هێزی ئەمنی ئەو ناوچەیە بەرپرسیارە لەوەی کە ئەو کردەوە تیرۆریستیە ڕوویداوە، بۆچی ئاسایشی ناوچەکە ناپارێزن؟ دووەم، دەیان کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ڕوویداوە و خەڵک کوژراوە، بەڵام هەتا ئێستا نە بکوژەکان دۆزراونەتەوە وەکو پێویست، نە کامێراکانیش هەبوون و نە بەڵگەکانیش خراونەتە ڕوو، ئایا خێرە ئەو کردەوەیە بەو پەلە پەلە ڤیدیۆیەکە دروستبوو و کامێراکان و تاوانبارەکەش دیاریکرا؟!"

لە دوای ئەو تەقینەوەیەی ئەو ئەفسەرەی دژەتیرۆر کە تێیدا گیانی لەدەستدا لە شاری هەولێر لە مانگی ڕابردوو، ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە کە دانیان بە تۆمەتەکەدا نا، هاوکات ناوی چەند بەرپرسێکی ئەمنیان برد کە ئەو کارەیان پێسپاردوون. "

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەشڵێت" بەپێی دەستوری عێراقیش و بەپێی یاسای سزادانی عێراقی تاوانبار هەر کەسێک بێت بێتاوانە هەتا ئەو کاتەی تۆمەتەکە لەسەری دەچەسپێت، بەڵام ئەوان هەتا ئێستا بەبێ لێکۆڵینەوە کۆمەڵێک خەڵکیان تاوانبار کردووە کە خەڵک هەیە لەشوێنی حەساسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ئەمەش کە لە ڕاگەیاندنی سەتەلایت بڵاوکرایەوە واتە ئەمە بۆ ڕای گشتی بڵاوکراوەتەوه،‌ بۆیە ئێمەش دەمانەوێت بە ڕای گشتی ڕابگەیەنین کە ئەو ڤیدیۆیانەی بەو شێوەیە بڵاوکراونەتەوە هەمووی دوورن لە ڕاستیەوە. "

" جەماوەر لەوەدا خۆی دادوەرە "


ڕابیحە محەمەد دەشڵێت" جەماوەر لەوەدا خۆی دادوەرە قەناعەتی بەکامە بێت ئەو سیناریۆیەی پێشووتر دروستکرا هەموو ڤیدیۆیەکان دیارە چۆن تەنیسق کراوه!‌ ئەو هەموو کامێرانە دۆزراونەتەوە ئەی چۆن دەبێت کامێرای بەردەم ماڵەکەی خۆی عەقید هاوکار چۆن هەستی پێنەکردووە بۆمب بچێنێت؟! ئەگەر عەقیدێکی ئەمنیە پاسەوانەکەی لەکوێیە؟! واتە ئەم شتانە هەمووی جێگەی گومانن. "


" هەڵبەتە کە ئەم ڤیدیۆیانە دەبینن ڕاستیەکانیان بۆ ڕوون دەبێتەوە "

بە وتەی ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نوێنەری ئەو وڵاتانە پاش کۆبونەوەکەی دوێنێ هەڵسەنگاندنی خۆیان دەکەن، لەو ڕووەوە ڕابیحە محەمەد وتی" بەدڵنیاییەوە ئەوان دواتر لێکدانەوەی تریان دەبێت وەکو دەزانرێت کامێرای ڤیدیۆیی لە هەر شوێنێکدا بەبێ ڕێکەوت و کاتژمێر ڤیدیۆ تۆمار ناکات، من لە کۆبوونەوەکە نەبووم من لە بەغدادم بۆیە ئاگادار نیم ئەوان چی دەڵێن؟ بەڵام هەڵبەتە کە ئەم ڤیدیۆیانە دەبینن ڕاستیەکانیان بۆ ڕوون دەبێتەوە ،ئێمە بۆیە حەزدەکەین بۆ ڕای گشتی بێت چونکە نوێنەری وڵاتان و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە حزبەکان لە یەکتری نزیک بن و هەوڵبدەن هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان چونکە بەرژەوەندیەکەی لەم حوکمراِنیە تاک دەسەڵاتیە تاکڕەویە هەیە کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەستەوەیە لەگەڵ 11 کورسی کۆتا دەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت بەهەمان ئەو یاسایەی کە بتوانێت خۆی زۆرینە بهێنێت و 11 کورسیشی لەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەش بکرێت یاخود ئەوەتا دۆخەکە بەوشێوەیە بڕوات و هەڵبژاردن نەکرێت بۆیە ئێمە دەبێت ڕای گشتی دەرەوە و ناوەوە هەرێمایەتیش ئاگاداربکەینەوە شەقامی کوردیش ئاگاداربێتەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان چەند ساڵە داوادەکات ئەم یاسای هەڵبژاردنە پێویستی بە هەمووارکردنەوەیە ئەم کۆمیسیۆنە پێویستی بە چاکسازیە و تۆماری دەنگدەرانیش پێویستی بە پاککردنەوەیە بەڵام پارتی ئامادە نییە هیچ یەکێک لەوانە بکات. "


" بۆچی تاڵەبانی وەهاب هەڵەبجەیی بردە هەولێر؟ "

ئەوەی بووە جێی مشتومڕی میدیا لۆکاڵییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بردنی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بوو بۆ هەولێر، کە ناوبراو فرمانی دەستگیرکردنی هەیە بە تۆمەتی تێوەگلانی لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەقید هاوکار، بەشێک لە لێکدانەوەکان وەها لێکی دەدەنەوە ئەم هەنگاوە بۆ ئیستفزاز کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

بەڵام بەرپرسەکەی یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە کە مەبەستەکە بۆ ئیستفزازی لایەنێکی سیاسی بێت، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆی، لەو ڕووەوە ڕابیحە محەمەد دەڵێت" ئەوە تۆمەتێکە پارتی دروستیکردووە، پێویستە ئەو کەسانەی پارتی تۆمەتبارییان دەکات بچنە ناو ئەو کۆبوونەوەیە لەپێش نێردەی وڵاتان ئەگەر پرسیارێکیان هەبێت یان ڕوونکردنەوەیەکیان هەبێت لەسەر ڤیدیۆیەکە ئەویش وەکو کەسێکی ئەمنی بتوانێت وەڵام بداتەوە. "

ڕابیحە محەمەد دەشڵێت" (کاک وەهاب هەڵەبجەیی) وەکو کەسێکی ئەمنی چووه،‌ ئەگەر بابەتەکە ئەوە بێت ئەویش یەکێک لە تاوانباران بێت ئەویش دەتوانێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەری ئەگەر پرسیاری ئەوەیان هەبوو ئەویش دەبێت ئامادەیی خۆی هەبێت و بێتاوانی خۆی لەپێش هەمووان ڕوون بکاتەوە. "


" نوێنەری وڵاتانمان بۆ ئەوە کۆنەکردەوە بڵێین شەڕ دەکەین بۆئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە ئێمە بێتاوانین "

کۆبونەوەکەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر لەگەڵ نوێنەری وڵاتان، پاش کۆبونەوەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دێت لە هەفتەی ڕابردوو کە بەێی ڕاگەیەنراوی کۆبونەوەکە تەوەرێکی کۆبونەوەکە بە وتەی بەیاننامەکە(باسکردن بووە لەو کردەوە تیرۆریستیەی هەولێر"

ڕابیحە محەمەد دەشڵێت" ئێمە نوێنەری وڵاتانمان بۆ ئەوە کۆنەکردەوە بڵێین شەڕ دەکەین بۆئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە ئێمە بێتاوانین، ئەوە پارتیە دەست بۆ ئێمە درێژ دەکات و دەیەوێت لە شوێنە هەستیارەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدات تەنانەت دەست بۆ دەزگای زانیاری و بۆ کەسایەتیە ئەمنیە دیارەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەبات، ئێمە تەنها دەمانەوێت ئەوە ڕوون بکەینەوە ئێمە نین شەڕمان دەوێت یەکێتی هەمیشە لایەنی ئاشتیخواز و میانڕەو بووه،‌ بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانە دەیەوێت تاکڕەوانە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست و سلێمانی بخنکێنێت بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەوە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنین. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:07 0:00

XS
SM
MD
LG