Accessibility links

کاریگەری بڕیاری دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ مافی لەباربردن لەسەر دەنگی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا


خۆپیشاندانی بەردەم دادگای باڵای ئەمەریکا دژ بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕۆ ڤی وەید، 24ی شەشی 2022
خۆپیشاندانی بەردەم دادگای باڵای ئەمەریکا دژ بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕۆ ڤی وەید، 24ی شەشی 2022

تام بۆنیەر ستراتیژی داڕێژ و بەرپرسی ڕاوەرگرتنەکانی دیموکراتەکان لە ماوەی 28 ساڵی شیکردنەوەی هەڵبژاردندا هەرگیز شیکردنەوەیەکی وەکو ئەم هەڵبژاردنەی نەکردووە. ئەو دەڵێت " ئێمە دەبینین ژنان بە ڕێژەیەکی زیاتر لەوەی پێشتر بینیومە بەشداری سیاسی دەکەن."

بە پێی شیکردنەوەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس لە پاش ئەوەی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری ڕۆ ڤی وەیدی هەڵوەشاندەوە، ئەو بڕیارەی کە مافی ژنانی بۆ لەباربردن مسۆگەر کردبوو، ڕێژەی ژنان بۆ تۆمارکردنی ناویان بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ( مدتەرم) بە ڕێژەی %35 لەو ویلایەتانەدا زیادی کرد کە زانیارییەکای ناونوسی دەنگدان ئاشکرادەکەن.

ئەو ویلایەتانەش بریتین لە کەنساس، پێنسلڤێنیا، ئۆهایۆ، فلۆریدا، کارۆلاینای باکوور، ئایداهۆ، ئاڵاباما، نیو مەکسیکۆ و مەین.

بۆنیەر دەڵێت لە ویلایەتەکانی وەکو ویسکانسن و مشیگەن ناونوسی ژنان بۆ دەنگدان لە پیاوانیش زیاترە کە لەو شوێنانە مافەکانی زاوزێیان لە مەترسیدایە.

دەنگدەرانی ویلایەتی مشیگەن بڕیار دەدەن کە ئایا دەستووری ویلایەتەکە هەموار بکەنەوە بۆ ئەوەی پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی منداڵ لەخۆ بگرێت. لە ویلایەتی ویسکانسنیش، یاسایەکی ساڵی 1849 کە نزیکەی هەموو لەباربردنەکانی قەدەغە دەکرد، و دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕۆ ڤی وەید لە مانگی شەشی ئەم ساڵەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، خەریکە لە دادگاکاندا مشتومڕی لەسەر دەکرێت.

نیکی سەندت، خەڵکی واشنتۆن، لە بەردەم دادگای باڵا، ٢٩ی شەشی ٢٠٢٢، لە واشنتۆن ناڕەزایەتی دەربڕی.
نیکی سەندت، خەڵکی واشنتۆن، لە بەردەم دادگای باڵا، ٢٩ی شەشی ٢٠٢٢، لە واشنتۆن ناڕەزایەتی دەربڕی.

بەڵام ئایا ئەم زیادبوونەی ڕێژەی خۆتۆمارکردن بۆ دەنگدان دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دەنگدەر؟

بۆنیەر دەڵێت "ئێمە ئەو وەرچەرخانە دەبینین بۆ بەشداریکردنی دەنگدەران و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرەتا لە هەڵبژاردنە تایبەتەکاندا، لەم هەڵبژاردنە سەرەتاییانەدا. ئێستاش زانیارییە پێشوەختەکان دەبینین لە هەڵبژاردنە گشتییەکانەوە."

گوتیشی " بە پێی داواکارییەکانی دەنگدانی پۆستە و ئەو جۆرە شتانە، دەبینین ئەم تەوەرە بەردەوامە و ژنان بەتایبەتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاتر بەشداری دەکەن لەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی پێشوودا بە بەراورد لەگەڵ پیاوان هەیانبوو."

لە ڕووی مێژووییەوە، پارتی سەرۆک کۆمار زۆربەی جار لە کاتی هەڵبژاردنەکانی مدتەرمدا کورسییەکانی لە کۆنگرێس لەدەست دەدات و زوو باس لە "شەپۆلی سوور"ی کۆمارییەکان دەکرا. بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوی خولی سەرۆکایەتی، شیکاران مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا دەشێت پرسی مافی لەباربردن نەریتە سیاسییەکان تێکبدات؟

ساموێل ئەبرامز، مامۆستای سیاسەت لە کۆلێژی سارا لۆڕێنس لە نیویۆرک و شیکەرەوەی باڵا لە ئینستتوتی ئەمەریکان ئینتەرپرایز دەڵێت " لە ئێستادا گۆڕانکارییەکان ئەوەندە گاڵتەجارین و هەوراز و نسێوەکان و گۆڕانکارییەکانی جیهانی سیاسی لە ئێستادا ئەوەندە شێتانەن کە تەنانەت پێشبینییەکانیش وەکو جاران کارناکەن." ئەو دەشڵێت " پێشتر نمونەمان لەبەردەستدابوو کە لەسەر بنەمای ئەوە پێشبینی دەکرا، بەڵام لە ئێستادا نمونەی شتێکی واش نییە بۆ پێشبینیکردن. زۆر ئاڵۆزە."

یەکەم تاقیکردنەوەی مافی زاوزێ پاش بڕیارەکەی دادگای باڵا لە مانگی هەشتی ڕابردوو لە کەنساس بوو. لەسەدا 59 ی خەڵکی ئەو ویلایەتە زۆرینە کۆمارییە دەنگیان دا بۆ ئەوەی مافی دەستڕاگەیشتن بۆ لەباربردن بمێنێتەوە، ئەمەش ئەو بۆچوونەی کاڵکردەوە کە مافی لەباربردن تەنها بەلای دەنگدەرە دیموکراتە لیبراڵەکانەوە گرنگە.

بۆنیەر دەڵێت " لە نێو کۆمارییەکانیشدا خەڵکی لاینگری هەڵبژاردن بۆ خۆت هەن. بەڵام ئەو کۆماریانەش هەن کە ڕەنگە بە شێوەیەکی تاکەکەسی لەگەڵ ئەوەدا نەبن خەڵکی بۆخۆیان هەڵبژێرن بەڵام لەگەڵ ئەو تێڕوانینەشدا نین کە حکومەت مافێکی دامەزراوەت لێزەوتبکات. تەنانەت ئەگەر ئەو مافەش بێت کە خۆیان بەکارینەهێنن."

ئەماندا هەنتەر بەڕێوەبەری بونیادی خێزانی باربرا لی، کە ڕێکخراوێکی بێلایەنە و کاربۆ بەرەوپێشبردنی نوێنەرایەتی ژنان لە سیاسەتی ئەمەریکادا دەکات، دەڵێت تەنانەت بەر لە بڕیارەکەی دادگای باڵاش لەسەر مافی لەباربردن، ژنان زیاتر ڕوویان لە سیاسەت کردبوو.

هەنتەر دەڵێت " بەتایبەتی لەو کاتەوەی پەتاکە (پەتای کۆرۆنا) کەلێنەکانی لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا بۆ ژنان ئاشکرا کرد. زۆر شتی کە ژنان بیریان لێ نەدەکردەوە یان بە شتێکی ئاسایی دەیانبینی، وەک چاودێریکردنی منداڵان، وەک سیستەمی قوتابخانە حکومییەکان ... هەموویان پێچەوانە بوونەوە".

دەشڵێت " ئەو ژنانەی کە پێشتر ڕەنگە گوتبێتیان، من سیاسی نیم، ئیلاقەم بە سیاسەتەوە نییە، دەستبەجێ هەستیان کرد سیاسەت لە دەرگاکانیان دەدات. بۆیە دیارە لە دوو ساڵی ڕابردووەوە ژنان هەستدەکەن بەشدارییان لە بڕیارەکاندا گرنگە."

ئەبرامز پێی وایە بڕیارەکەی دادگای باڵا بۆ لەباربردنی منداڵ، ئەگەر لە ڕۆژی هەڵبژاردن نزیکتر ڕوویدابا، دەنگدەری زیاتری هان دەدا.


XS
SM
MD
LG