Accessibility links

چاودێرێک: دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی هەنگاوی دیاریکردنی مەسرور بارزانییە وەک جێگرەوەی مەسعود بارزانی


پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە بۆ یەکەمجار بە فەرمی دوو جێگری بۆ سەرۆک دیاریکرد، هەنگاوێک کە بە بڕوای هەندێک لە چاودێرانی سیاسی بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵات و باڵانسێکی نوێی هیز لە ناوخۆی ئەو حزبە.

هۆگر چەتۆ، چاودێری هەڵبژاردنەکان لە شاری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێم وایە لەناو پارتیدا ئەوە بەشێکە لەو ئامادەکارییانەی کە لەدوای کاک مەسعود هەوڵ هەیە کاک مەسرور بمێنێتەوە لەسەرۆکایەتی حزب وە درێژە بدەن بەوە. نەک ئەوەی لەدوای کاک مەسعود جێگرەوە کاک نێچیرڤان بێت. پێم وایە نامەکە زۆر ڕوونە ڕەنگە کۆدەنگیش هەبێت.

لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی پارتی کە 3ی مانگی یازدە پاش تێپەڕبوونی 12 ساڵ لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، مەسعود بارزانی بەسەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردرایەوە و لە هەمانکاتدا نێجیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە دوو جێگری سەرۆک دەستنیشانکران.

ئەو پسپۆڕە ڕایگەیاند کە دیاریکردنی دوو جێگر لە ڕووی یاساییەوە ئاساییە، "بەڵام ئەگەر لێکدانەوە بۆ بارودۆخی ناوخۆیی پارتی بکەین ئەمە جۆرێکە لە دابەشبوونی هێز لەناو ئەو حزبە. "

ئەو ئاماژەیدا، "ئەوە پێشبینی کراو بوو کە دەبێت کاک مەسرور بارزانی کوڕی کاک مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەت پلەیەکی بەرزتر لە ئەندام مەکتەب سیاسی پارتی بەدەستبهێنێت. ئەمەش هەر درێژکراوەی ئەو دابەشبوونی هێزەیە کە مەلا مستەفا دەیکرد لە نێوان کوڕەکانی خۆی لەناو پارتی."

پێشتر فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا موفاجەئەی ئەم کۆنگرەیەی پارتی چی دەبێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند "به‌ پێشبینی من، ئومێدیش ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌ڵێت موفاجه‌ئه‌ ده‌بێت ئه‌و موفاجه‌ئه‌یه‌ نابێت "

لە دوای هەڵبژاردنی دوو جێگری سەرۆک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێک لە لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەبوون کە هەمان چارەنوسی یەکێتی ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی پارتی ببێتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی لەدواین کۆنگرەی یەکێتی دوو هاوسەرۆک بۆ ئەو حزبە هەڵبژێردران بەڵام دواتر یەکێک لە هاوسەرۆکەکان لە حزبەکە دەرکرا.

چەتۆ دەڵێت"هیوادارین ئەوەی پارتیش وەک یەکێتی لێنەیەت چونکە سەقامگیری حزبی سیاسی بەشێکە لەسەقامگیری دۆخی کوردستان. بۆ هەڵبژاردنی دوو جێگر بۆ پۆستی سەرۆکی پارتی، هیچ گەرەنتییەک نیە کە کێشە ڕووبدات یا نا. بەڵام لەناو پارتیدا بە بوونی کاک مەسعود بارزانی ئەوە ڕوونادات کە خەڵک پێشبینی دەکات. بەڵام لە غیابی ئەودا چی ڕوودەدات؟ ئەمە خۆی جێگای هەڵوێستەیە و پارتییەکان دەبێت زیاتر لەخەڵک بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن دەتوانن ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات بکەن . چونکە ئەوە لە ڕابردوو لە پارتی ڕوویداوە کە حزبی تر لە پارتی دروست بووە وەک ئەوەی کاک سامی عەبدولڕەحمان و هاوڕێکانی کە پارتی گەلییان دروست کرد. خۆ ئەگەریش هەیە یەکتر قبوڵ بکەن و پێکەوە کاربکەن. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:01 0:00

XS
SM
MD
LG