Accessibility links

بەرپرسێکی پارتی: لیستی جیاواز هەن لە کۆنگرەی پارتی و ڕێز هەیە بۆ لیستێک ئەگەر سەرۆک بارزانی دروستی کردبێت


ئیحسان ئامێدی، ئەندامی باڵای لیژنەی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە بۆ کۆنگرەی پارتی لیستی جیاواز هەن، بەڵام ئەوەی ڕەتکردەوە کە ئەمە مانای ناکۆکی بێت لەناو حزبە باڵادەستەکەی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پارتی ڕۆژی 3ی ئەم مانگە لە شاری دهۆک پاش تێپەڕبوونی 12 ساڵ کۆنگرەیەکی نوێی بەست. بۆ یەکەمجار ئەو حزبە سیستەمی یەک جێگر بۆ سەرۆکی گۆڕی بۆ دوو جێگر و هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وەک دوو جێگری سەرۆک، مەسعود بارزانی، دەستنیشانکران.

ئیحسان ئامێدی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لیستەکان هەن بەڵام هەموو ئـەندامانی کۆنگرە ئازادن کە خۆیان کاندید بکەن و هەمووشیان مافی ئەوەیان هەیە ئـەو کەسە دەستنیشان بکەن کە خۆیان حەزیان لێ هەیە. واتا لیستێکی ئیلزامی نییە کە بتەوێ یاخود نا هەر دەنگی خۆتی پێ دەدەی. بەڵام خەڵکی ڕێزگرتنی هەیە بۆ لیستێک ئەگەر لە لایەن جەنابی سەرۆک بارزانیەوە دروستکرابێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا ئەو سەرکردایەتیەی کە هەڵدەبژێردرێن لە ئاستی بەرپرسیاریەتی بێت لەگەڵ سیاسەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان."

لە وەڵامی ئـەو پرسیارەی کە ئایا دووبەرەیی و دوو باڵی لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە، ڕایگەیاند، " پارتی یەک ئاڕاستە و سەرۆک و مەنهەج و ڕێبازی هەیە، بۆیە ئەوەی کە خەڵکێک دەڵێت دوو باڵ لەنێو پارتیدا هەیە و هەر یەکێک لەوانە بۆ خۆیی دەوێت و ڕادەکێشێت، سەرۆک بارزانی سەرۆکی پارتیە و لەلایەن هەموو پارتیەوە سەرۆکێکی خوشەویستە و کاریزماکەشی کاریگەری لە هەموو کەسێک دەکات، ئەو شتەی کە ئەو دەیڵێت خەڵک گوێی لێ ڕادەگرێت. تا ئەو زیندوو بێت شتێک بەناوی دووبەرەکی و دوو باڵی لەنێو پارتیدا نیە و نابێت."

لە بارەی هەوڵی پارە بەخشینەوە لەپێناو سەرخستنی کاندیدەکان، ئەو ئەندامەی کۆنگرە ڕایگەیاند، " هەر کەسێک پارە بدات بۆ بەدەسهێنانی دەنگێک ئەمە قەدەغەکراوە. لێپێچینەوە لەگەڵ هەندێک کەسیش کراو لەسەر ئەو بابەتە و ئیجرائاتی حزبیشیان لەگەڵدا کرا و لەکۆنگرە دورخرانەوە. بەڵام پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکان ئازادە و بە ئازادانە لەگەڵ کاندیدەکان قسە دەکەن."

ئەو ڕایگەیاند کە دەرفەتکی زیاتر بە گەنجان و ژنان دراوە لە کۆنگرەکەی پارتیدا. گووتی، " ئەندامانی کۆنگرە زیاترینیان لە گەنجان پێکهاتوون و بۆ هەڵبژارتنی نوێنەرانیش ڕێژەی 25%ی بەئافرەتان درابوو. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دەرفەتێکی باش بۆ گەنجان و ژنان ڕەخساوە تا ڕوڵی خۆیان لە قۆناغی داهاتووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ببینن."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئیحسان ئامێدی ئەندام لە لیژنەی باڵای کۆنگرەی چواردەی پارتی لەبارەی نیگەرانیەکانی هەندێک کەس لەم کۆنگرەیەی پارتی، ڕایدەگەیەنێت، "لەسەر ئاستی پارتی بە گشتی کەس نیگەران نییە. هەڵبژاردن کاتێک دەکرێن ئەوەی سەرنەکەوێت هەندێک نیگەرانی نیشان دەدات ئەمە سروشتیە. لەهەر شوێنێک کاتێک هەڵبژاردنەکان دەکرێن ئەوەی سەرنەکەوێت لەوانەیە گلەیی بکات. بەڵام نیگەرانیەکی وەها لەنێو پارتیدا نیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:56 0:00
XS
SM
MD
LG