Accessibility links

تورکیا سەرۆکی گروپێکی پزیشکی بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی دەستبەسەر کرد


میدیای دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند، پۆلیسی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە سێبنەم کۆرور فینچانچی سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکی تورکیا تی تی بی (TTB)، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی گروپی تیرۆریستی" دەستبەسەر کردووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵۆی فەرمی رایگەیاندوە، لێكۆڵینەوە دەکرێت لەسەر ئەو لێدوانانەی فینچانچی لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ میدیایەکی پەیوەندیدار بە پەکەکەوە (گروپە چەكدارەكانی پارتی کارکەرانی کوردستان) کە باسی لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن هێزە چەكدارەكانی توركیاوە كردووە.

تی تی بی دەستگیرکردنی فینچانچی بە " کوشتنی سیاسی نا ڕەوا" وەسف کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە دوا قۆناغی فشارە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لەسەر گروپە پزیشکییەکە و سەرکردەکانی. داوای کردوە دوای وەرگرتنی لێدوانەکەی دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

لە بەیاننامەیەکدا TTB ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ پاراستنی دیموکراسی و ئاشتی و سەربەخۆیی زانست و ئازادی ڕادەربڕینی زانایان."

سەرۆک تەیب ئەردۆغان هەفتەی ڕابردوو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند هێزە چەکدارەکان هەرگیز چەکی کیمیاییان بەکارنەهێناوە، و هەرکەسێک ئەو جۆرە تۆمەتانە بخاتە پاڵیان رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە هات کە میدیاکانی نزیک لە پەکەکە گرتە ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە دەڵێن چەکی کیمیایی لە لایەن سوپای تورکیاوە لە باکووری عێراق لە دژی پەکەکە بەکاردەهێنرێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویكردەوە، سەرۆكی داواكاری گشتی ئەنقەرە رایگەیاندوە، داوایەك ئاراستەی دادگای مەدەنی كراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رۆڵی فینچانچی وەك سەرۆكی كۆمەڵەكە و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG