Accessibility links

پۆلیسی ئاژاوەگێڕی لە شارەکانی ئێران بڵاودەبێتەوە لەکاتێکدا خەڵک بۆ چلەی ژینا ئەمینی کۆدەبنەوە


شایەتحاڵان دەڵێن، پۆلیسی ئاژاوەگێڕی ئێران بە ژمارەیەکی زۆر لە شارۆچکەی سەقزی شاری بنەماڵەی ژینا ئەمینی ناسراو بە مەهسا ئەمینی بڵاوبونەتەوە، دوای ئەوەی چالاکوانان داوای خۆپیشاندانیان لە سەرانسەری وڵات کرد بە بۆنەی تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ بەسەر مردنی.

ژینا ئەمینی مانگی رابردوو لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا و باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس تێکچوو. ئەو سێ رۆژ دواتر و لە رۆژی 17ی مانگی نۆدا لە نەخۆشخانەیەک لە تاران گیانی لەدەستدا.

خێزانەکەی دەڵێن، پۆلیس لە کاتی دەستگیرکردنیدا لێی داوە و بەوهۆیەوە گیانی لە دەستداوە.

ئەو ناڕەزایەتیانە بەهۆی مەرگی ئەمینی تەمەن 22 ساڵ بووەتە یەکێک لە بوێرترین ئاڵنگارییەکان بۆ سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشی 1979ەوە.

ژمارەیەکی بەرفراوان لە خەڵکی ئێران هاتوونەتە سەر شەقامەکان و هەندێکیان داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، و دروشمی "مەرگ بۆ (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی) ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی دەڵێنەوە.

شایەتحاڵان لە تارانی پایتەخت و شارەکانی تەورێز و ڕەشت لە باکور ئامادەبوونی زۆری هێزە ئەمنییەکانیان لە شەقامەکاندا بینیوە.

هاوکات، لە شارەکانی سەقز، سنە، کامیاران، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، جوانڕۆ و بانە بەشێک لە دووکان و بازاڕەکان داخراون .

گروپە مافخوازەکان ڕایانگەیاندووە، لە ترسی ئەوەی کە یادی 40 ڕۆژەی مردنی ئەمینی ببێتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی توندوتیژی زیاتر، پۆلیسی ئاسایش هۆشداری داوەتە خێزانەکەی کە مەراسیمی چلەکەی ئەنجام نەدەن.

شایەتحاڵێک لە شاری سەقز وتی ئەو گۆڕستانەی ئەمینی تێدا نێژراوە پڕ بووە لە ئەندامانی میلیشیا و پۆلیسی خۆبەخشی بەسیج.

گروپە مافخوازەکان رایانگەیاندوە لە خۆپیشاندانەکان لانیکەم 250 خۆپیشاندەر کوژراون و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

دەسەڵاتدارانی ئێران ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایان بە وروژاندنی ڕەوشەکە تۆمەتبار کردووە، تا ئێستا ژمارەی کوژراوەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام میدیای دەوڵەت دەڵین نزیکەی 30 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG