Accessibility links

لایەنە عێراقییەکان شەڕیانە لەسەر وەزارەتە سیادییەکان


ناکۆکی نێوان هێز و لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە "سیادی"، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شەیاع سودانی دوادەخات، چاودێرانیش دەڵێن، ئەو وەزارەتانە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتن بۆ حزبەکان، بۆیە ململانێیانە لەسەریان.

وەزارەتەکانی ( دارایی، نەوت، بەرگری، ناوخۆ و دەرەوە) ناویان لێنراوە وەزارەتی "سیادی" و هەموو جارێک لەکاتی پێکهێنانی حکومەت دا، زۆرترین مشت و مڕ لە نێوان لایەنەکان لەسەر ئەم وەزارەتانە دروست دەبێت.

شوان محەمەد رۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە سیادی، لە ڕووی ئیمکانیەت و دەسەڵاتەوە لەوانیتر جیاوازترن، ئیشیان زۆر تێدایە."

زۆر جار لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە، باسلەوە دەکرێت، هەندێک لەم وەزارەتانە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، هەرچەندە ئەم زانیارییانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام بەڕای چاودێران، ئەمە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی وەزارەتەکان بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی.

مشتومڕی هێزە عێراقییەکان لەسەر وەزارەتە سەربازی و داراییەکان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی حیزب و گروپ لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتییەکی گەورە شەقامی عێراقی گرتووەتەوە، خەڵک ناڕازیین لە خراپی ژیان و گوزەرانییان و حزبەکانیش بە "تاڵانکردنی" سامانی گشتی تۆمەتبار دەکرێن.

محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە سیاسی و ئابوورییەکان پێیوایە، ناونانی هەندێک لە وەزارەتەکان بە "سیادی" نا لۆژیکییە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە سیادی، ژمارەی کارمەندیان زۆرە، بودجەی گەورەیان تێدا خەرج دەکرێ، خەڵکیان زۆر لێ دادەمەزرێنرێ، واتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتن بۆ ئەو حزبانەی وەریان دەگرن."

جەختیشیکردەوە"حزبەکان لەسەر ئەم وەزارەتانە هەمیشە ململانێ دەکەن، چونکە دەرفەتی پارە کۆکردنەوە تێیاندا بۆ حیزبەکان زۆرە، ئەگینا گەر حیزبەکان مەبەستیان خزمەت بێت، وەزارەتی ژینگە چ جیاوازییەکی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری دا هەیە، کە نزیکەی 10 هەزار خێزان بە هۆی وشکە ساڵییەوە لە عێراق کۆچیان کردووە."

لە کاتی دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر حزبەکاندا، پلە بەندی بۆ وەزارەتەکان کراوە، پلە بەندییەکەش لەسەر بنەمای ئیمکانیەت و دەسەڵاتی وەزارەتەکانە، بەو پێیەی هێزەکان ململانێیانە لەسەر ئەو وەزارەتانەی سەرچاوەی پارە و دەسەڵاتن.

شوان محەمەد رۆستەم دەڵێت"پلەبەندی بۆ وەزارەتەکان کراوە، لە پلە یەکەوە تا پلە سێ، ئەمە کارێکی باش نییە، هەر لایەنێک بیەوێت خزمەت بکات، لە هەموو وەزارەتێکدا دەتوانێت بیکات."

گەڕانەوەی حزبەکان بۆ پشک پشکێنەی حیزبی و پشتگوێ خستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق، گومانی لەسەر داهاتووی حکومەتەکەی محەمەد شەیاع سودانی دروستکردووە، بەو پێیەی بەرژەوەندی ئەو حیزبانە ڕێگرن لە بەردەم هەنگاونانی بە ئاڕاستەی چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵکی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:17 0:00
XS
SM
MD
LG