Accessibility links

ئەمەریکا 725 ملیۆن دۆلاری دیکە وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمەریکا 725 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت، ئەمەش دوایین پاکێجی ئاسایشی ئەمەریکایە بۆ یارمەتیدانی کیێڤ و یەکەم پاکێجە لە دوای هێرشە مووشەکییە بەربڵاوەکانی ڕووسیا بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنی لە ئۆکرانیا.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، پاکێجی یارمەتییەکان توانای نوێی بەرچاو یان بەرگری دژە ئاسمانی لەخۆناگرێت. بەڵکو گرنگی بە دووبارە دابینکردنەوەی ئەو تەقەمەنی و چەکانە دەدات کە کیێڤ بە سەرکەوتوویی لە هێرشی بەرپەرچدانەوەی خۆیدا لە دژی ڕووسیا بەکاری هێناون.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەو توانایانەی کە دەیگەیەنین بە وردی قەبارەی ئەوەیان بۆ دانراوە تا زۆرترین جیاوازی لە بەرەکانی شەڕدا بۆ ئۆکرانیا دروست بکرێت."

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هەرچەندە ڕووسیا هێزی زیاتری بڵاوکردووەتەوە کە بانگهێشتکراون لە چوارچێوەی بەرنامەی وەرگرتنی سەربازی کە مانگی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، بەڵام پێدەچێت سەربازەکان ئامێرەکانیان خراپ بێت.

هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی هەینی بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی شارەکانی ئۆکرانیا و لانیکەم چوار هێرشی مووشەکییان کردە سەر خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شارە، لە کاتێکدا ئۆکرانیا بە تۆپ و مووشەک بۆ ناو ڕووسیا و لێدانی کۆگایەکی تەقەمەنی بەرپەرچی دایەوە.

ئەم شەڕە لە ئۆکرانیا لە کاتێکدایە کە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بەرگری لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی کرد بۆ پەرەسەندنی شەڕەکە بە جێگیرکردنی هێزی زیاتر لەو وڵاتە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG