Accessibility links

پەرەسەندنی سەرکوتکردنەکان لە شاری سنە و دوایین کاردانەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا


سەرەڕای سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە سەرتاسەری ئێران سەریان هەڵدا، خۆپیشاندانەکان هێشتا لە چەند شارێکی ئێران بەردەوامن.
شاری سنە یەکێکە لەو شارانەی کە لەوەتای دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان تاکو ئێستا خەڵکەکەی بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و بە پێی ئەو گرتە ڤیدیویانەی لە تۆڕەکاندا بڵاو بوونەتەوە، هێزێکی زۆری ئاسایشی (ئەمنی) لە تاران و شارەکانی دیکەوە ڕەوانەی ئەو شارە کوردنشینە کراوە.
چەندین ڕێکخراوی مرۆیی، لەوانە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هۆشدارییان داوە لەمەڕ توندی و چڕبوونەوەی سەرکوتەکان لە شاری سنە و نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە گواستنەوەی "چەکی نیمچە قورسی سەربازی" بۆ ئەم شارە دەربڕیوە.


بە پێی هەواڵێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی لە فڕۆکەخانەی سنە نیشتوەتەوە هەروەها پاسەکانی هەڵگری هێزی سەربازی تایبەت بەرەوە شارەکە بەڕێکەوتوون.
ئەو ڕێکخراوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت لە پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و خەڵکی ناڕازی، ئێوارەی دووشەممە لە شاری سنە، ‌هێزەکان بە فیشەکی جۆری کالیبەر کە لە ڕێگای دۆشکەی نیمچە قورسی جەنگییەوە تەقێندراوە، تەقەیان لە هەندێ لە ماڵەکان کردوە.


ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی كوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە تائێستا بەلانیکەمەوە ٣٠ خۆپیشاندەر لە شارە کوردنشینەکاندا کۆژراون کە پێنجیان منداڵ بوون.
ئەو ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی جگە لە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە دووهەزار کەس لە خۆپیشاندەران لەم ماوەیەدا، "لانیکەم ٨٢٥ خۆپیشاندەریش بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانەوە بریندار بوون و لانیکەم ٣ خۆپیشاندەر لە شارەکانی دیواندەرە، ورمێ و بیجار بە هۆی تەقەی ئەو هێزانەوە، بیناییان لەدەستداوە .


هاوکات راپۆرتەکان ئاماژە بە پەرەسەندنی مانگرتنەکان لە پیشەسازییە گرنگەکانی وەک پیشەسازی نەوت و پترۆکیمیای ئێران دەکەن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و راپۆرتانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، كارمەندان و کرێکارانی پاڵاوگەی نەوتی ئابادان و پترۆکیمیای بوشهێر، دەماوەند، عەسەلویە و پترۆکیمیای کەنگان کارەکانیان ڕاگرتوە و دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین.
ئەنجوومەنی ڕێکخەری ناڕەزایەتیی کرێکارانی پیشەسازی نەوت ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ١٨ کرێکاری پترۆکیمیای عەسەلویە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە و بنەماڵەکانیان نازان لە کوێ دەستبەسەرکراون.


بە هۆی پچران و سنووردارکردنی ئینتەرنێتەوە لە ناوچە کوردنشینەکان، هەواڵ و ڤیدیۆی کەمتر بڵاو کراونەتەوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکوتکردنەکان لە کرماشان، سەلاسی باوەجانی و مەهابادیش توند بووە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ناڕەزایەتییەکان لە سەلاسی باوەجانی کە لە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەوە دەستیپێکردوە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە توندی سەرکوتکراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی لە خۆپیشاندانەکانی سەلاسی باوەجانیدا لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی ئارین موریدی بریندار بووە و ئیوارەی دووشەمەش بە هۆی قورسی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.


هاوکاتی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان، کاردانەوە جیهانیەکانیش بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ئێران بەردەوامە.
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە دەستبەسەرکردن و کوژران و بریندارکردنی منداڵان لە ناڕەزایەتییەکاندا دەربڕیوە.
یونیسێف لەم بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە خوازیاری پاراستنی هەموو منداڵانە لە هەر جۆرە توندوتیژی و زیانێک و دەشڵێت "توندوتیژی دژی منداڵان، لەلایەن هەر کەسێک و لایەنێکەوە و لە هەر چوارچێوەیەکدا، جێگای قەبووڵ و بەرگریکردن نییە."
هەروەها جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە لە تویتێکدا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران نووسیویەتی "جیهان چاودێری ئەو شتانە دەکات کە لە ئێران ڕوودەدەن".
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە درێژەی تویتەکەیدا نوسیوێتی" ئەم خۆپیشاندەرانە هاوڵاتی ئێرانین، ژنان و کچانی سەرکردەکانیانن، داوای کەرامەت و مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن. ئێمە لەگەڵیانداین و لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکەن بۆ بێدەنگکردنیان."

تاکو ئێستا ئەمەریکا، کەنەدا و بەریتانیا بە هۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە لە ئێران، چەند سزایەکیان بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا سزای هاوشێوە بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

XS
SM
MD
LG