Accessibility links

سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کاربەدەستانی ئێران چ کاریگەرییەکی دەبێت؟


بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانە لە ئەنجامی مەرگی مەهسا (ژینا) ئەمینی تەمەن 22 ساڵان لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە دەستگیرکرابوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای ئابوری دەسەپێنێت بەسەر حەوت کاربەدەستی ئێرانیدا.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەپاندووە بەسەر چەند کەسایەتییەکی کە بەرپرسن لە بڕێنی ئەنتەرنێت و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران. کاربەدەستە باڵاکانی کە ناویان هاتووە بریتین لە وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری پەیوەندییەکان عیسا زارپوور و بەرپرسی پۆلیسی سایبەری ئێران وەحید محەمەد ناسر مەجید و چەند بەرپرسێکی تریش.
برایەن نێڵسن یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری هەواڵگری دارایی و تیرۆر لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە " ئەمەریکا ئیدانەی داخستنی ئەنتەرنێت و سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازدەکات و درێغی ناکات لە بە ئامانجگرتنی ئەو کەسانەی کە ئەو کارە دەکەن و پشتیوانی لێدەکەن."

هەر پاش ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە تویتێکد ڕایگەیاند " ئەمەریکا بەرپرسیارکردنی هەموو ئەوکەسانە بەرەوپێش دەبات کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە پشتویانی ئەو جۆرە کردارانە دەکەن کە نکوڵی لە مافی خەڵکی ئێران دەکەن بۆ ئازادی ڕادەربڕین و کۆڕو کۆبونەوەی ئاشتیانە. ئەمڕۆ حەوت سەرکردەی دەزگا ئاسازیشییەکانمان دەستیشان کرد کە بەرپرسیارن بەرامبەر بە سەرکوتکارییەکان."

سزا ئابورییەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە چەندین ساڵە بەردەوامە و سەرەتا بە سزا بۆ سەر پیشەسازی نەوتی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد هەتا گەیشتە سزا خستە سەر کەرتەکانی تر و بەرپرسەکانیشی گرتەوە. بەڵام وەک شیکەرەوان دەڵێن هەنێک لەم سزایانەی کە هەموو شتێک دەگرێتەوە و گشتین ئەوەندە فشار ناخەنە سەر دەسەڵاتداران مەگەر تاکەکەسەکان خۆیان بکرێن بە ئامانج.
ناسر باباخانی چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە ئەمەریکا دەڵێت " کتێک سزاکان بە دیاریکراوی کەسێکی تایبەت دەکەنە ئامانج کاریگەرییەکەی ئێجار زۆرە، بۆ نمونە کاتێک سوپاسی پاسداران دەکرێتە ئامانج ئەوە یان ڕابەری وڵاتەکە یاخود ڕێکخراوێکی دیاریکراوی دەوڵەت ئەوە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا."

ناسر باباخانی مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی
ناسر باباخانی مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی

سەربارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم سزایەی وەزارەتی خەزێنەی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران بەڕێز باباخانی بە باسی لە ئەزمونی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 کرد کە ئەو کاتەش ئەمەریکا سزای خستە سەر بەرپرسەکان و گوتی " لە ڕابردووشدا ئەم جۆرە سزایانە هەبوون بەڵام لە باری کرداریدا کە ببێتە هۆی ڕێگەگرتن لێیان و ئەو جۆرە شتانە دووپات نەکەنەوە بەداخەوە نەیتوانیبوو کاریگەربێت."
لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکەی ئەمەریکا دژ بە بەرپرسەکانی ئێران لەم کاتەدا زۆر بە گرنگ دادەنێت و دڵێت ئەم سزایانە بۆ خەڵکی ناوخۆ لە ڕووی "دەرونییەوە"زۆر گرنگن و ئەوە نیشان دەدەن کە ئەمەریکا و جیهان چاودێری ئەو ڕووداوانەن ئاگادارن کە چی دەگوزەرێت لەوێ.

ئەمەریکا لە مانگی ڕابردوودا سزای خستە سەر پۆلیسی ڕەوشت (گەشتی ئیرشاد)ی ئێران بەهۆی هەراسانکردنی ژنانی ئێرانی و ڕایگەیاند ئەوان بەرپرس بوون لە مەرگی ژینا ئەمینی کچێکی کوردی ئێرانی خەڵکی سەقز کە پاش دەستگیرکردنی لەلایەن ئەو هێزەوە لە تاران بەهۆی گوایە ڕەوچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ گیانی لەدەستدا.

مەرگی ژینا بووە هۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکی زۆر لە سەرانسەری ئێران و هێزە ئاسایشییەکانیش بە گولەی ڕاستەقینە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەیان کەس لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون و حکومەتی ئێرانیش دەڵێت ژمارەیەک لە کوژراوەکان لە هێزەکانی ئاسایش،
بەپێی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە کاتەوە بەلایەنی کەم 35 پەیامنێر و وێنەگریش لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکراون.

XS
SM
MD
LG