Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت تورکیا پێگەی سەربازی لە باکووری قوبرس بەهێزتر دەکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمەریکا بەربەستەکانی بازرگانی بەرگری بۆ سەر قوبرس هەڵگرت، تورکیا بوونی سەربازی خۆی لە باکووری قوبرس بەهێزتر دەکاتەوە.

ئەردۆغان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن تورك ڕایگەیاند، هەڵگرتنی كۆت و بەندەكان "لە ڕووی ناوەڕۆك و كاتەوە ڕوون نەکراوەتەوە."

سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند بوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەربەستەکانی بازرگانی بەرگری لەسەر قوبرس بۆ ساڵی 2023 هەڵگرتووە.

ئەردۆغان گوتی "ئەمەریکا چاوپۆشی لە هەنگاوەکانی قوبرس و یۆنان دەکات و تەنانەت هانیان دەدات کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکەن، بەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پێشبڕکێی چەک لە دوورگەکەدا."

ئەردۆغان گوتیشی "ئایا ئێمە دەستەوەستان دەوەستین و ناتوانین؟"، ئاماژەی بەوەشکرد تورکیا 40 هەزار سەربازی لە دوورگەکەدا هەیە و بە چەکی وشکانی، دەریایی، ئاسمانی و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێل بەهێزتریان دەکات.

قوبرس دوای لەشکرکێشییەکی تورکیا لە ساڵی 1974 دا کە بە کودەتایەکی کورت بە هاندانی یۆنان دەستی پێکرد، بۆتە دوو بەش، لەو کاتەوە قوبرس لەلایەن ئیدارەیەکی یۆنانی قوبرسەوە لە باشوور بەڕێوەدەبرێت کە ئەنقەرە دانیان پێدا نانێت.

هەروەها بەشی دابڕاو لە دیوی باکووری دوورگەی دابەشکراو لە ژێر دەسەڵاتی تورکیایە و تەنیا لەلایەن ئەنقەرە دانی پێدا دەنرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG