Accessibility links

تەقەکردن لە قوتابخانەکانی ڕووسیا بووە هۆی کوژرانی 13 کەس کە منداڵیان تێدایە


لێکۆڵەرانی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند تەقەکردنێک لە قوتابخانەیەک لە شاری ئیژێڤسکی ناوەڕاستی ڕووسیا 13 کوژراوی لێکەوتەوە کە حەوتیان منداڵن.

ئەمە دوایین هێرشە لە زنجیرەیەک تەقەکردن لە قوتابخانەکانی ڕووسیا کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووسیای هەژاندووە. لەکاتێکدا وڵاتەکە دەیەوێت دەیان هەزار پیاوی دیکە ناونوس بکات بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا.

لیژنەی لێكۆڵینەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بەهۆی ئەم تاوانەوە “13 كەس كوژراون كە حەوتیان منداڵن."

پێشتر دەسەڵاتداران ژمارەی کوژراوەکانیان بە 9 کەس دانابوو و ڕوونیان نەکردبووە ئایا تەقەکەرەکەش یەکێک بووە لە کوژراوەکان یاخود نا.

بەڵام ئێستا لێکۆڵەران دەڵێن هێرشبەرەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و دوو پاسەوانی ئاسایش و دوو مامۆستا لەنێو قوربانییەکاندا بوون.

بە وتەی لێکۆڵەران، تەقەکەرەکە کڵاوێکی لەسەربووە و جلی سەرەوەی ڕەش بووە و سیمبوڵی نازییەکانی پێوە بووە.

ئەلێکساندەر برێچالۆڤ، پارێزگاری ناوچەکە، لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا لە دەرەوەی قوتابخانەی ژمارە 88 لە ئیژێڤسک گوتی "کوژراو و بریندار لەنێو منداڵاندا هەبووە."

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، وەزارەتی تەندروستی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، "14 تیمی ئەمبولانس" لە شوێنی ڕووداوەکە کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان.

برێچالۆڤ ماوەی ماتەمینی لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند کە تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام بێت.

شاری ئیژێڤسک کە نزیکەی 630 هەزار کەسی تێدایە، پایتەختی ناوچەی کۆماری ئودمورتی ڕووسیایە و نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە.

هێرشەکە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە پیاوێک تەقەی کرد و ئەفسەرێکی دامەزراندنی کارمەند لە ناوەندێکی وەرگرتنی سەربازی لە سیبیریا بە سەختی بریندار کرد.


XS
SM
MD
LG