Accessibility links

کۆشکی سپی: ڕاپۆرتەکان لەبارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە ئۆکرانیا 'مەترسیدارن'


جۆن کیربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکان لەبارەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی زیاتر لە 440 کەسی لە شاری ئیزیۆمی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لە دەستی هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵکراوەتەوە 'مەترسیدارن'.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی هەینی ڕووسیای بە ئەشکەنجەدان و تاوانی جەنگ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد.

لە چاوپێکەوتنێکدا لە نووسینگەی سەرۆکایەتییەکەی زێلێنسکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە زۆرێک لە خەڵکی ئۆکرانیا لە شوێنەکانی باکووری ڕۆژهەڵات بە خاک سپێردراون لەنێویاندا تەواوی خێزانەکان و کەسانێک هەن کە ئەشکەنجە دراون.

بەپێی زانیارییەکان سەرۆکی لێکۆڵەری پۆلیسی ناوچەی خارکیڤ بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە "دەتوانم بڵێم یەکێکە لە گەورەترین گۆڕە بە کۆمەڵەکانی شارۆچکەیەکی گەورە لە ناوچە ئازادکراوەکان، کە 440 تەرم لە یەک شوێن نێژراون."

لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لەلایەن ئۆکرانیاوە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە شکستیان بە سەربازانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا هێناوە و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن. ڕووسەکان ماوەیەک لەمەوبەر ئەو شارەیان لە ناوچەی خارکیڤ داگیرکردبوو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG