Accessibility links

ئۆکرانیا: گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە 440 تەرمی تێدایە


بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند؛ گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە 440 تەرمی تێدابووە لە شاری ئیزیۆمی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، دوای چەند ڕۆژێک لە تێکشکان و پاشەکشەکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە.

بەپێی زانیارییەکان سێرهی بۆلڤینۆڤ، سەرۆکی لێکۆڵەری پۆلیسی ناوچەی خارکیڤ بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە "دەتوانم بڵێم یەکێکە لە گەورەترین گۆڕە بە کۆمەڵەکانی شارۆچکەیەکی گەورە لە ناوچە ئازادکراوەکان، 440 تەرم لە یەک شوێن نێژراون." "هەندێکیان بەهۆی تۆپبارانەوە گیانیان لەدەستداوە، هەندێکی دیکەشیان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە گیانیان لەدەستدا."

بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە شکستیان بە سەربازانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا هێناوە و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن. ڕووسەکان ماوەیەک لەمەوبەر ئەو شارەیان لە ناوچەی خارکیڤ داگیرکردبوو. ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە؛ ئەو سەربازانە بڕێکی زۆر تەقەمەنی و کەرەستەیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە.

ڕۆیتەرز نەیتوانی دەستبەجێ ئەو بانگەشانەی ئۆکرانیا پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها هیچ لێدوانێکی گشتی دەستبەجێ لەلایەن ڕووسیاوە لەسەر ئەو تۆمەتانە نەدراوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئەو شارەی کردبوو کە بەم دواییە کۆنترۆڵکرایەوە، ڕایگەیاند ڕووسەکان بەرپرسیارن. دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە لە ئیزیۆم بە ڕووداوێکی هاوشێوە لە شاری بوچا وێنای کرد کە ناوچەیەکی کیێڤە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی لەشکرکێشی ڕووسیا لە کۆتایی مانگی 2 ی ئەمساڵدا گۆڕی بە کۆمەڵی تێدا دۆزرایەوە.

درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە زێلێنسکی لە وتارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند "ڕووسیا لە هەموو شوێنێک مەرگ بەجێدەهێڵێت و دەبێت بەرپرسیار بێت. گوتیشی؛ ڕۆژی هەینی زانیاری زیاتر لەسەر شوێنی ناشتنی بە کۆمەڵ لە ئیزیۆم بڵاودەکاتەوە.

ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی هێزەکانی ڕووسیایان بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لەوێ تۆمەتبار کردووە. ڕووسیا ڕەتیكردەوە هاوڵاتیانی مەدەنی كردبێتە ئامانج و یاخود تاوانی جەنگی ئەنجامدابێت.

ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێک کە ڕێگە بە زێلێنسکی دەدات لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی هەبێت. ئەمساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت هەموو وتارەکان بە شێوەی کەسی پێشکەش بکرێن. بەڵام تەنها زۆرینەیەکی سادەی ئامادەبووان و دەنگدان پێویستن بۆ تێپەڕاندنی پێشنیازەکە.

هاوکات کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە؛ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پاکێجێکی دیکەی دابینکردنی چەکی بە بەهای 600 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاندوە، ئەمەش 21 هەمین جارە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا چەک و کەرەستەی جەنگی دیکە لە کۆگا لەشکرییەکانەوە ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG