دوو وەبەرهێنەری لوبنانی کە بێهیوا بوون، ڕۆژی چوارشەممە بانکەکانیان ڕاگرت بۆ ناچارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارەکانی خۆیان کە لە کاتی داڕمانی دارایی نیشتمانیدا ڕێگری لێکراوە.
سەرچاوەیەک لە گروپێکی داکۆکیکار لە وەبەرهێنەران ڕایگەیاند، ژنێک بە دەمانچە و هەندێک لە هاوکارەکانی بۆ ماوەیەکی کورت لە لقێکی بانکی BLOM (BLOM.BY) لە بەیروتی پایتەخت چەند بارمتەیەکیان دەستبەسەرکردووە، پێش ئەوەی بە زیاتر لە 13 هەزار دۆلاری کاش لە ئەکاونتەکەیەوە دەربکات.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی و خەڵکی ناوچەکە؛ دوای ماوەیەکی کەم، لە شاری شاخاوییەکە، کەسێکی چەکدار چووە ناو لقێکی بانک مێد و بەشێک لە پاشەکەوتەکانی وەرگرتەوە کە گیری خواردبوو، پێش ئەوەی خۆی ڕادەستی دەسەڵاتداران بکات.
بانکەکانی لوبنان زۆربەی وەبەرهێنەرانیان لە پاشەکەوتەکانیان بێبەشکردووە لەو کاتەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر قەیرانی ئابوری دەستی پێکردووە و بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی ناتوانن پارەی شتە سەرەکییەکانی خۆیان دابین بکەن.
لە دیاردەیەکدا کە ئەو بارودۆخە نالەبارە نیشان دەدات، دەستبەسەرداگرتنەکانی ڕۆژی چوارشەممە دوای ئەوە هات کە مانگی ڕابردوو پیاوێک هەڵیکوتایە سەر بانکێکی دیکەی بەیروت بۆ ئەوەی پارە بۆ چارەسەرکردنی باوکە نەخۆشەکەی وەربگرێت.
بانکی BLOM ئاماژەی بەوەشکردووە، کڕیارێک و هاوکارەکانی بە دەمانچەیەکەوە گەیشتوونەتە ئەوێ و هەڕەشەی تەقەکردنیان کردووە لە خەڵک، هەروەها بەڕێوەبەری لقەکە و بەڕێوبەری گەنجینەکەیان ناچارکردووە پارە لە گەنجینەی بانکەکەوە بهێنن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز