پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا ڕایگەیاند، کەشتییەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان تەقەیان لە کەشتییەکی بارهەڵگر کردووە کە لە سنووری ئاوی نێونەتەوەیی لە دەریای ئیجەدا دەسوڕایەوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوان ڕکابەرە ناوچەییەکان زیاتر دەکات کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی تورکیادا هاتووە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەی ڕۆژی شەممە کە لە 11 میلی دەریایی باشووری ڕۆژئاوای دوورگەی بۆزکادای تورکیا ڕوویدا هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە پاش ئەو هێرشە هەراسانکارییە لە دوو کەشتی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانەوە، دوو کەشتی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا چوونەتە ناوچەکە و بەلەمەکانی یۆنانیش شوێنەکەیان جێهێشتووە. باڵیۆزخانەی یۆنان لە ئانکەرە هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە و ڕوونیش نییە بۆچی ئەو تەقانە کراون.