Accessibility links

ئەردۆغان: ڕەنگە لە ڕووسیا فڕۆکەی جەنگی بکڕین


سەرۆکی تورکیا دەڵێت ڕەنگە وڵاتەکەی ڕوو لە وڵاتێکی وەکو ڕووسیا بکات بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ، ئەگەر بێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا قایل نەبێت فڕۆکەی F-16 ی بە تورکیا بفرۆشێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕۆژی هەینی لە ئستەنبوڵ بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند و گوتی "هیوادارین ئەمەریکا ناچارمان نەکات لە وڵاتانی دیکە فڕۆکەی جەنگی بکڕین."
جەختی کردەوە ئەمەریکا تاکە وڵات نییە فڕۆکەی جەنگی بفرۆشێت. گوتیشی"دەتوانین فڕۆکەی جەنگی لە هەر شوێنێکی دیکە بکڕین، بەریتانیا ، فەرەنسا و ڕووسیاش دەیفرۆشن، هەندێک وڵاتیش هەن ئاماژەیان داوە کە ئامادەن پێمان بفرۆشن."

لە ساڵی 2019 و لە پاش ئەوەی ئەنکەرە سیستەمی بەرگری S-400 ی ڕووسیایی کڕی و دایمەزراند، ئەمەریکا بڕیاری دا پێدانی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا ڕابگرێت.

ئێستاش لە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکا نیگەرانی هەیە لە بەرامبەر وتارە هەڕەشەئامێزەکانی تورکیا لە بەرامبەر یۆنان.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت بەپێی سەرچاوەی ئاگادار، تورکیا دەیەوێت 40 فڕۆکەی F-16 لە ئەمەریکا بکڕێت کە بەهاکانیان چەندین ملیار دۆلارە، بەڵام هێشتا کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەزامەندییان دەرنەبڕیوە.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG