Accessibility links

ماتەمینی سەرۆک بایدن و خانمی یەکەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێثی دووەم


سەرۆک بایدن و خانمی یەکەم لە کاتی سەردانیان بۆ باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە واشنتن بۆ دەربڕینی ماتەمینی خۆیان بۆ کۆچی دوایی شاژنی بەریتانیا، 8 ی مانگی نۆی 2022
سەرۆک بایدن و خانمی یەکەم لە کاتی سەردانیان بۆ باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە واشنتن بۆ دەربڕینی ماتەمینی خۆیان بۆ کۆچی دوایی شاژنی بەریتانیا، 8 ی مانگی نۆی 2022

سەرۆکی ئەمەریکا و خانمی یەکەم ماتەمینی خۆیان ڕاگەیاند بۆ کۆچی دوایی ئێلیزابێثی دووەم، شاژنی بەریتانیا و هەر لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە بەرەو باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە واشنتن چون بۆ دەربڕینی ماتەمی خۆیان. هەروەها ئاڵای ئەمەریکا لە کۆشکی سپی و کۆنگرێس بۆ نیوە داگیران.

جۆو بایدن و جێڵ بایدن پاش نیوەڕۆی پێنجشەممە هاوکاتی سەردانیان بۆ باڵیۆزخانەی بەریتانیا، ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ستاشی شاژنە ئێلیزابێثیان کرد.
لە سەرەتای ڕاگەیاندنەکەیان نووسیویانە"شاژنە ئێلیزابێثی دووەم زیاتر لە پاشایەک بوو. ئەو پێناسەی سەردەمێکە."


هەروەها نووسیویانە لەم جیهانەی کە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، ئامادەیی هەبووە و سەرچاوەی ئاسوودەیی بووە بۆ بەریتانییەکان. گەواهی ئەو حەفتا ساڵەی پاشایەتییەکەی بووە کە مێژوویەکە لە پێشکەوتنی بێ پێشینەی مرۆڤایەتی و بەرەوپێشچوونی شکۆمەندی مرۆڤ.

یەکەم شاژنی بەریتانیا بووە کە خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا دەیانتوانی هەست بە پەیوەندییەکی کەسی و دەستبەجێی لەگەڵیدا بکەن، ئیدی لە ڕادیۆدا گوێیان لێ بووبێت وەک شازادەیەکی گەنج قسەی بۆ منداڵانی شانشینی یەکگرتوو دەکرد، یان لە دەوری تەلەفیزیۆنەکانیاندا کۆبوونەوە بۆ بینی ئەو ساتەی تاجی پاشایەتی دەکەنە سەری، یان دوا وتاری بۆ جەژنی کرێسمس یان حەفتا ساڵەی پاشایەتی لە مۆبایلەکانیان ببینن. ئەویش لای خۆیەوە هەموو ژیانی بۆ خزمەتکردنی ئەوان تەرخان کرد.

شاژن ئێلیزابێثی دووەم بە پشتیوانی شازادە فیلیپی خۆشەویستی بۆ ماوەی 73 ساڵ بە نیعمەت و و پابەندبوونێکی نەگۆڕ بە ئەرک و توانا بیهاوتاکانی ڕابەرایەتی دەکرد. شانبەشانی خەڵکی بەریتانیا بەرگەی مەترسی و نەبوونییەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی گرت و لە کاتی پەتا جیهانییەکە بەریتانییەکانی کۆکردەوە هەتا چاویان لە ڕێ بێت بۆ داهاتوویەکی باشتر. لە ڕێگەی تەرخانکردنی خۆی بۆ کاری خێرخوازی بارودۆخی خەڵکی باشتر دەکرد. بە پیشاندانی دۆستایەتی و ڕێزگرتن لە گەلانی تازە سەربەخۆ لە سەرانسەری جیهان، دۆزی ئازادی بەرزڕاگرت و پەیوەندییە بەردەوامەکانی پتەوکرد کە یارمەتیدەر بوون لە بەهێزکردنی کۆمۆنوێڵث کە ئێجگار خۆشی دەویست.

شاژن ئێلیزابێثی دووەم، ژنە دەوڵەتمەدارێکی بێهاوتای خاوەن شکۆ و جێگیر بوو کە کاری کرد بۆ پتەوکردنی پنەڕەتی هاوپەیمانێتی نێوان شانشینی یەکگرتووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. یارمەتی دا لەوەی پەیوەندیـیەکانمان تایبەت بن.


بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1982 شاژنمان بینی، کاتێک گەشتمان کرد بۆ شانشینی یەکگرتووە وەک بەشێک لە شاندی ئەنجومەنی سینات. شەرەفمەند بووین بەوەی میوانداری کردین لە مانگی پێنجی ساڵی 2021 لە میانەی یەکەم گەشتمان بۆ دەرەوە وەک سەرۆک و خانمی یەکەم، ئەو بە زیرەکیـیەکەی سەرسامی کردین، بە میهرەبانییەکەی دڵخۆشی کردین، بە بەخشندەییەوە دانایـیەکەی پیشان دەداین. بە گشتی لەگەڵ 14 سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەتەوە. یارمەتی ئەمەریکییەکانی دا لە یادکردنەوەی هەردوو ساڵیادی دامەزراندنی جەیمس تاون و 200 ساڵەی سەربەخۆییمان. وە لە تاریکترین ڕۆژەکانماندا لە پاش 11ی سێپتەمبەر بە هاوسۆزی لەگەڵ ئەمەریکا وەستا، کاتێک بە شێوەیەکی کاریگەرانە بیری هێناینەوە کە "خەم ئەو باجەیە کە دەیدەین بۆ خۆشەویستی."

لە ساڵانی داهاتوودا، ئێمە بە ئەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەردەوامبوونی دۆستایەتییەکی نزیک دەکەین لەگەڵ پاشا و هاوسەری پاشا. ئەمڕۆ هزر و دوعای خەڵک لە سەرانسەری ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی شانشینی یەکگرتوو و کۆمۆنوێڵثە لەم خەمیاندا. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شاهانە دەکەین، کە تەنها ماتەمینیەکەیان بۆ شاژنەکەیان نییە، بەڵکو بۆ دایک و داپیرە و داپیرە گەورەشیانە. شوێن دەست و یادەوەرییەکانی لە لاپەڕەکانی مێژووی بەریتانیادا و میژووی بەسەرهاتی جیهانماندا بە گەورەیی دیاردەبێت.

XS
SM
MD
LG