ڤێدانت پەتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بەڕاستی تەنها یەک ئامانجی کۆتایی ئەم گرێبەستە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دڵنیابین ئێران هەرگیز نەتوانێت چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت، ئەوەش بەردەوام بۆچوونی ئێمە دەبێت و هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە بەدەستهێنانی ئەمە."
گوتیشی "چونکە ئێمە پێمان وایە گەڕانەوەی هاوبەش بۆ وابەستەبوون بە ڕێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەم مەبەستە، ئەمە سنوورێک بۆ بەرنامەی ناوکی ئێران دادەنێت، هەروەها هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکاشە."
ئەم قسانەی پاتێل لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکخراوی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لەو بڕوایەدایە ئێران یۆرانیۆمی عەمبارکراوی زیادکردووە و هەروەهاش ئاستی پیتاندنیشی لە ماوەیەکی کەمدا بەرزکردووەتەوە تەنها هەنگاوە تەکنیکییەکانی ماوە بۆ گەیشتن بە ئاستی چەکی ناوکی.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیش نیگەرانی زیاتری دەربڕی لەسەر نەبوونی هاوکاری تاران بۆ لێکۆڵینەوەیەک کە بووەتە خاڵێکی چەسپاو لە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا.