نووسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیای گوتووە وڵاتەکەی دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت سەبارەت بە کارگە ناوەکییەکەی زاپۆریژیای ئۆکرانیا.
سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند، هەردوو سەرکردەکە سەبارەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانی گفتوگۆیان کرد و سووربوونی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە دروستکردنی کارگەی ناوکی ئاککویۆی تورکیا بە گوێرەی پلانەکان دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان و پوتن ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کاتێک لە سەمەرقەندی ئۆزبەکستان کۆدەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەیی لە 15 و 16 ی مانگی نۆ بە وردی گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بکەن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز