Accessibility links

بڕیارە سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆکی ئافریکای باشوور کۆببێتەوە لەکاتێکدا ناکۆکی لەسەر ڕووسیا هەیە


کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەم مانگەدا لەگەڵ سیریل رامافۆسا سەرۆکی ئافریکای باشوور کۆدەبێتەوە، بەڕێوەبەرایەتیەکەی بایدن هەوڵدەدات گەلانی ئافریکا لە ئەمەریکا نزیک بکاتەوە لە کاتێکدا ئافریکای باشوور و زۆرێک لە دراوسێکانی بێلایەنی خۆیان لەسەر شەڕی ڕووسیا و داگیرکردنی ئۆکرانیا پاراستووە.

ڕاگەیاندنی سەردانەکەی 16ی مانگی نۆی ئەمساڵ دوای سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دێت بۆ باشووری ئافریکا لە مانگی ڕابردوودا، کە تێیدا ڕایگەیاند ئیدارەکەی بایدن 54 وڵاتی ئافریکا وەک "هاوبەشێکی یەکسان" دەبینێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە جیهانییەکاندا.

بەڵام ئیدارەکە بێهیوا بووە لەوەی ئافریکای باشوور و بەشێکی زۆری کیشوەرەکە ڕەتیان کردەوە شوێن ئەمەریکا بکەون لە ئیدانەکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

ئافریکای باشوور لە دەنگدانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەی ڕووسیا بەشداریان نەکرد و ڕامافۆسا خۆی لە هەر ڕەخنەیەک لە ڕووسیا بەدوور گرتووە و لەبری ئەوە داوای نێوەندگیریەکی ئاشتیخوازانەی کردووە.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە؛ بایدن و رامافۆسا کە لە مانگی 4 دا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانیان لەسەر بازرگانی و وەبەرهێنان، ژێرخانی ئابوری، کەشوهەوا و وزە، تەندروستی گشتی و ڕۆڵی پێشەنگی ئافریکای باشوور لە کیشوەرەکەدا چڕ بکەنەوە.

کارین جان پیێر، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەیدا ڕاگەیاندووە "هەردوو سەرۆک گرنگی هاوبەشی بەردەواممان دووپات دەکەنەوە، هەروەها باس لە کارکردنمان پێکەوە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەکان."

هەروەها بایدن بەنیازە لە مانگی 12 ی ئەمساڵدا میوانداری کۆبوونەوە لوتکەیییەکەی سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئافریکا بکات.

لە سەردانەکەی بلینکندا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە نالیدی پاندۆر بێلایەنی ئافریکای باشوری لە شەڕی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا دوای کۆبوونەوەکە، پاندۆر ئەمەریکا و زلهێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە گرنگیدان بە ململانێی ئۆکرانیا بە زیانی پرسە نێودەوڵەتییەکانی دیکە.

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG