Accessibility links

ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تۆپبارانکردنی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە کاتێکدا شارەزایان لێکۆڵینەوە دەکەن


ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕۆژی هەینی یەکتریان تۆمەتبار کرد سەبارەت بە بۆردومانکردنی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، لە کاتێکدا تیمێک لە پشکنەرانی ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیان دا سەلامەتی ئەو دامەزراوەیە بپشکنن و ڕێگری لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی گەورە بگرن.

کۆمپانیای ئەتۆمی دەوڵەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە؛ ڕێگە بە نوێنەرایەتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەدراوە بچێتە ناو سەنتەری قەیرانەکانی وێستگەکەوە، کە ئۆکرانیا دەڵێت سەربازانی ڕووسیا لەوێ جێگیرن، هەروەها لە کۆششی ئەوەدان هەڵسەنگاندنێکی بێلایەنانە ئەنجام بدەن.

سێرگی شویگو وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی ئەو وێستگەیە، ئەمەش مەترسی کارەساتی ئەتۆمی زیاتر دەکات.

ئەم شوێنە 10 کیلۆمەتر لە پێگەکانی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ڕووباری دنیپرۆ دوورە، دوای ماوەیەکی کەم لە کۆتایی مانگی 2 دا هێرشیان کردە سەر ئۆکرانیا و لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستگیرا بەسەر ئەو وێستگەیەدا و بووەتە جێگەی نیگەرانی.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندینجار تۆپباران کراوە و کیێڤ و مۆسکۆ یەکتری تاوانبار دەکەن بە تۆپبارانکردنی ئەو ناوچەیە. ئەم وێستگەیە تا ئێستاش لەلایەن ستافی ئۆکراینییەوە بەڕێوەدەبرێت و ڕووسیا ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی.

رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و تیمەکەی ڕۆژی پێنجشەممە چەند کاتژمێرێکی بەسەر برد لە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا و بەنیازبوون ڕۆژی هەینی لە سەرانسەری هێڵەکانی پێشەوە بگەڕێنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان.

گرۆسی لە قسەکانیدا دوای سەردانە سەرەتاییەکە ڕایگەیاند چەند جارێک یەکپارچەیی بونیادی کارگەکە پێشێل کراوە و لە دۆخی ئەوێ نیگەرانە.

کۆمپانیای ئەتۆمی دەوڵەتی ئۆکرانیا ئێنێرگۆاتۆم ڕایگەیاند کە بەهۆی دەستێوەردانی ڕووسیاوە هەڵسەنگاندنێکی بێلایەن بۆ تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی قورس دەبێت.

ئینێرگۆاتۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ڕووسەکان ڕێگەیان نەداوە ئەو ئەرکە بچێتە ناو سەنتەری قەیرانەکان، کە ئێستا کارمەندانی سەربازی ڕووسیای لێ جێگیرکراون، کە بڕیار نەبوو نوێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بیبینن."

هەروەها دەشڵێن "داگیرکەرانی ڕووسیا درۆ دەکەن، ئەو ڕاستی و بەڵگانە دەشێوێنن کە شایەدی تۆپبارانکردنیانن بۆ وێستگەی کارەبا، هەروەها لێکەوتەکانی زیانەکانی ژێرخانی شوێنەکە."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند ئەرکەکە هێشتا دەتوانێت ڕۆڵێکی هەبێت سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

زێلێنسکی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە کۆڕبەندێکی ئیتالیا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت "بەداخەوە قسەی سەرەکیمان لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی نەبیستووە، کە ئەویش بانگەوازە بۆ داماڵینی چەک و سەربازەکانە لەو وێستگەیە لەلایەن ڕووسیاوە."

لە مۆسکۆ، شۆیگۆ وەزیری بەرگری ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن کیێڤ و ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا چەکی قورسی لەو کارگەیە جێگیرکردووە. ناوبراو بە تۆپبارانەکانی ئۆکرانیای بە "تیرۆری ئەتۆمی" تۆمەتبار کرد.

شویگۆ پێداگری مۆسکۆی دووبارە کردەوە کە کیێڤ بەرپرسیارێتی هەر جۆرە پەرەسەندنێک لەو ویستەگەیدا لە ئەستۆ دەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە کیێڤ "مەترسییەکی ڕاستەقینەی کارەساتی ئەتۆمی دروست دەکات" و چەکی دابینکراوی ڕۆژئاوا بۆ هێرشکردنە سەر وێستگەکە بەکاردەهێنێت. هەروەها ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بە "هاندانی ئەو جۆرە کردەوە بێباکانەیە."

یەکێک لە بزوێنەرەکانی کارگەکە ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی تۆپبارانەوە ناچار بوو دابخرێت.

میکۆلا لوکاشوک سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوچەی زاپۆریژیا ڕایگەیاند، چەند شارۆچکەیەکی نزیک لە ئەو وێستگەیە ڕۆژی پێنجشەممە کەوتنە ژێر تۆپبارانی ڕووسیاوە. ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەمە پشتڕاست بکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی RIA Novosti ڕۆژی هەینی باڵیۆزی ڕووسیا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا ڕایگەیاند، دوو پشکنەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە کارگەی زاپۆریژیا دەمێننەوە.

گرۆسی نوێنەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی پێنجشەممە لە گەڕانەوەی بۆ خاکی ژێردەستی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە پسپۆڕەکانی لەو دامەزراوەیەدا دەمێننەوە.

ئەو توانیبووی گەشتێک بە تەواوی شوێنەکەدا بکات، بوارە سەرەکییەکانی وەک سیستەمی فریاگوزاری و ژوورەکانی کۆنترۆڵکردنی بینیبوو. ئێستا تیمەکەی پێویستی بە تەواوکردنی شیکارییەکانە بۆ لایەنە تەکنیکیەکان.

گرۆسی کاتێک پەڕیبووەوە بۆ ناو خاکی ژێردەستی ئۆکرانیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئێمە ناچین بۆ هیچ شوێنێک. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئێستا لەوێیە، لە کارگەکەدایە و ناجووڵێت لەوێ دەمێنێتەوە."

گوتی ئەو پسپۆڕانە هەڵسەنگاندنێکی بێلایەن و لە ڕووی تەکنیکییەوە سازدەکەن بۆ ئەوەی بزانین چی لە شوێنەکەدا ڕوودەدات.

ئەم وێستگەیە لە کەناری باشووری کۆگایەکی زەبەلاحە لەسەر ڕووباری دنیپرۆ کە هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ناوەڕاستی باشووری ئۆکرانیا دابەش دەکات. پێش جەنگەکە زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی کارەبای ئۆکرانیای دابین دەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG