سەرچاوەیەکی ئاسایشی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە شەوێکدا چوار چەکدار لە شاری بەسرەی باشووری عێراق کوژراون لە ئاکامی پێکدادان لەنێوان گرووپە شیعە ڕکابەرەکاندا.
سەرچاوەکە، دوو ئەندامی سەرایە سەلام کە فراکسیۆنێکی چەکدارەو پەیوەندی بە پیاوی ئایینی بەهێزی شیعە موقتەدا سەدرەوە هەیە کوژران کاتێک ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتە بەر تەقەی هێزی عەسائیبی ئەهلی حەق، دوو ئەندامیان بە دەمانچە کوژران.
هێزە ئەمنییەکان بۆ دامرکاندنەوەی شەڕەکە بڵاوەیان پێکرا و بەرەبەیانی پێنجشەممە ئەسەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسرە ڕایگەیاند ئێستا دۆخی شارەکە "سەلامەتە و لەژێر کۆنتڕۆڵدایە."
بڕیار بوو دواتر ڕۆژی پێنجشەممە لە بەسرە کاروانێکی پرسە بۆ چەکدارە کوژراوەکانی سەرای سەلام بەڕێوەبچێت.
هێرشەکە لە بەسرە بووە هۆی ئەوە محەمەد ساڵح ئەلعێراقی، نوێنەری سەدر، بە توندی سەرکۆنەی قەیس خەزعەلی، بەرپرسی هێزی عەسائیبی ئەهلی حەق بکات.
عەسائیبی ئەهلی بەشێکە لە تۆڕێکی پێشووی نیمچە سەربازی لایەنگری ئێران کە ئێستا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەدا یەکخراوە.
لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئەلعێراقی گوتی، "ئاگادارتان دەکەمەوە، قەیس! ئەگەر میلیشیا بێ ئەدەبەکەتان کۆنتڕۆڵ نەکەن و ئەگەر خۆتان لەو بکوژ و تاوانبارانە بێبەری نەکەن کە سەر بە ئێوەن... ئێوەش بێ ئەدەبن."
خەزعەلی داوای لە لایەنگرانی کرد ئۆفیسەکانی عەسائیب دابخەن و چاوپۆشی لە "سوکایەتی" بکەن بەرامبەریان بۆ ئەوەی پەرەسەندنی زیاتر نەبێت.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: داوا لە برایانمان لە عەسائیب ئەهلی حەق دەستبەجێ سەرجەم فەرمانگەكانی بزووتنەوەكە دابخەن و تا ئاگاداركردنەوەی زیاتر.
"ئەگەر دەیانەوێت بیانسوتێنن، با بیانسووتێنن و بیری زیاتری لێ مەکەرەوە."
دواتر گروپەکە ڕایگەیاندووە، بەپێی داواکەی خەزعەلی فەرمانی داخستنی سەرجەم فەرمانگەکانیان داوە.
لەدوای هەڵبژاردنی مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە، سیاسەتی عێراقی ئیفلیج بووە بەهۆی ناکۆکی نێوان فراکسیۆنە شیعەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی، بەو هۆیەشەوە ئەو وڵاتە بێ حکوومەت و سەرۆک وەزیران و سەرۆکێکی نوێ ماوەتەوە.