Accessibility links

ڕێکخراوی CPJ ئەمەریکی سەرکۆنەی مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەکات


کۆمیتەی بەرگری ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق پەلاماردان و گرتنی ڕۆژنامەنوسان ڕابگرن و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ فەراهەمکردنی سەلامەتییان دابین بکەن، ڕێگەیان بدەن ڕاپۆرت لەسەر ناڕەزایەتییە سیاسی و جەماوەرییەکان بکەن.

ڕۆژی دووشەممە 29ی مانگی هەشت، CPJ دەڵێت هێزە ئاسایشییەکانی عێراق هێرشیانکردە سەر ڕۆژنامەنووسانی دەزگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەکاتێکدا ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەختیان دەکرد.

ڕێکخراوەکە، کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، دەڵێت ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکراون و دەست بە ئامێرەکانیاندا گیراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە، گولە هاوەنێک لانیکەم دوو ڕۆژنامەنووسی بریندار کرد کە ڕووماڵی پێکدادانی چەکداریان لە شارەکەدا دەکرد.

جەستن شیلاد، توێژەری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکای CPJ گوتی: "هێزەکانی عێراق بێباکییەکی سەرسوڕهێنەریان بەرامبەر سەلامەتی خەڵکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان نیشانداوە کە لە 29ی مانگی هەشتەوە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی بەغدا دەکەن."

لایەنگرانی موقتەدا سەدر پیاوێکی ئاینی پۆپۆلیستی شیعە، لە ناوچەی سەوزی بەغدا، كە شوێنی دامودەزگا حكومییەكان و باڵیۆزخانە بیانییەكانە، خۆپیشاندانیان دەستیپێكرد، دوای ئەوەی سەدر بڕیاری خانەنشینكردنی خۆی لە سیاسەت ڕاگەیاند. دواتر دەسەڵاتداران قەدەغەی هاتوچۆیان لە بەغدا ڕاگەیاند.

بەپێی پۆستێکی فەیسبووکی کەناڵی زووم نیوز، کە کەناڵێکی کوردییە، لەو خۆپیشاندانانەدا هێزە تایبەتەکانی عێراق پەیامنێرەکەیان ڕۆکان جاف و کامێرامانەکەی گەیلان سەباحیان دەستگیرکردووە لەکاتێکدا ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد.

رۆکان جاف بە CPJی گوت: "کاتێک زانییان من ڕۆژنامەنووسم دەستبەجێ گرتیانم." ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەندامانی هێزە تایبەتەکان جلی ڕەشیان لەبەردابووە. وتی چوار سەربازی هێزی تایبەت بە مشت و بۆکس لە جافیان داوە، مۆبایلەکەی و کامێرای سەباحی هاوکاریان بردووە و هەردووکیانیان دەستگیرکردووە.

دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە ناوچەکە پاککرانەوە، دەسەڵاتداران سەباح و جافیان ئازاد کرد و مۆبایلەکەی جافیان گەڕاندەوە بەڵام کامێرای سەباحیان نەگەڕاندەوە، بەپێی وتەی هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم نیوز.

XS
SM
MD
LG