Accessibility links

سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە


ڕێبەرە ئایینیەکەی عێراق موقتەدا سەدر ڕۆژی سێشەممە داوای لە لایەنگرانی کرد لە ناوچەی سەوزی پایتەخت بکشێنەوە، کە شەڕێکی قورس بەرپابوو لەگەڵ هێزە ئاسایشییەکان بەهۆی پەرەسەندنی ڕژدی قەیرانی سیاسی کە مانگێکە ئەو وڵاتەی گرفتار کردووە.

لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، موقتەدا سەدر کاتژمێرێک مۆڵەتی بە لایەنگرانی دا بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن، چەند خولەکێک دواتر هەندێک لە خۆپیشاندەران لە تەلەفزیۆنی ڕاستەوخۆوە دەبینرا کە هێدی هێدی شوێنەکانیان بەجێدەهێڵن. سوپای عێراق کۆتاییهێنا بە قەدەغەی هاتووچۆ، ئەمەش زیاتر هیوای بەخشی بە بارودۆخەکە کە توندوتیژییەکان لەسەر شەقامەکان بڕەوێنەوە.

هەر لە ڕۆژی دووشەممەوە نائارامییەکان دەستیان پێکرد، کاتێک موقتەدا سەدر ڕایگەیاند دەست لەکاروباری سیاسی هەڵدەگرێت و لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز، کە ڕۆژگارێک مۆڵگەی سوپای ئەمەریکا بوو و لە ئێستاشدا ئۆفیسەکانی حکومەتی عێراق و باڵیۆزخانە بیانییەکانی تێدایە. بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند لانیکەم 30 کەس کوژراون.

سەدر لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، پاش بانگەوازی چەند بەرپرسێکی عێراقی و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆڕاگری و ئاشتەوایی، داجار ڕایگەیاند کە ئەمە شۆڕش نییە.

حکومەتی عێراق دووچاری ئاستەنگ بۆوە هەر لەو کاتەوەی کە پارتەکەی سەدر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی مانگی 10 دا زۆرترین پشکی کورسییەکانی بەدەستهێنا؛ بەڵام بەس نەبوو بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی زۆرینە، ئەمەش چەندین مانگ ناکۆکی سیاسی لە نێوان کوتلە جیاوازە شیعەکەندا دروستکرد. سەدر ڕەتیکردەوە دانوستان لەگەڵ ڕکابەرە شیعەکاندا بکات کە ئێران پشتیوانیان لێدەکەن و کشانەوەکەی ڕۆژی دووشەممە عێراقی خستە ناو ناسەقامگیرییەکی سیاسییەوە.

ئێران ڕۆژی سێشەممە سنوورەکانی بە ڕووی عێراقدا داخست، ئەمەش نیشانەی نیگەرانی تاران بوو لەوەی کە ئاژاوەکە دەتوانێت پەلبهاوێژێت، هەرچەندە تەنانەت پێش فەرمانەکەی سەدر، شەقامەکانی دەرەوەی گەڕەکە حکومەییەکەی پایتەخت تا ڕادەیەکی زۆر ئارام بوو. هاوکات بەرهەمی نەوتی وڵاتەکە بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن و بازرگانی نەوتی خاوی برێنتی جیهانی کەمێک دابەزی.

دوو بەرپرسی پزیشکی عێراق ڕایانگەیاند، لانیکەم 30 کەس کوژراون و زیاتر لە 400 کەسیش برینداربوون. ژمارەی قوربانییەکان لایەنگرانی سەدر لەخۆگرتبوو کە ڕۆژێک پێشتر لە خۆپیشاندانەکاندا کوژرابوون و هاوکاتی شەڕ و پێکدادانی شەوی ڕابردوو. بەرپرسان دەڵێن پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارانە بەرزببنەوە، بەڵام ئەوان نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، چونکە مۆڵەتیان پێنەدراوە زانیارییەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان بڵاوبکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە وڵاتی کوەیت داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد عێراق بەجێبهێڵن. هه‌روه‌ها ئاژانسى میدیای حکومه‌ت KUNA هانى ئه‌و که‌سانه‌ى داوه‌ که‌ بە نیازن گه‌شت بکەن بۆ عێراق گەشتەکانیان دوادەکەوێت.

وڵاتی کوەیت سنوورێکی درێژی 254 کیلۆمەتری لەگەڵ عێراقدا هەیە.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداش سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە تویتێکدا نووسیویەتی، باڵیۆزخانەکەی لە ناوچەی سەوز چۆڵکرد.

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG