Accessibility links

موشەکەکان لە ناوچەی سەوز دەکەونە خوارەوە و ئێرانیش سنووری لەگەڵ عێراق دادەخات


سوپای عێراق دەڵێت چەکداران موشەکییان ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد کردووە لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گروپە چەکدارییە شیعەکان بۆ دووەمین ڕۆژ بەردەوام بوو، هاوکات ئێرانیش سنووری لەگەڵ عێراقدا داخست.

ڕۆژی سێشەممە زۆربەی شەقامەکانی بەغداد چۆڵ بوون. چەکدارەکان بە پیکاپ و چەکی قورسەوە بە شەقامەکاندا هاتوچۆیان دەکرد، دەنگی تەقە و موشەک لە سەرانسەری شارەکەدا زەنگی داوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی دیکەی سەر بە ئێراندا 22 کەس کوژران و 100 کەسی دیکە برینداربوون.

چەق بەستوویی سیاسیی لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردووە وایکردووە وڵاتەکە بەبێ حکومەت بمێنێتەوە و ناکۆکییەکانی نێوان دوو لایەنە شیعەکەش بووەنەتە هۆی کەوتنەوەی پشێوی نوێ لە وڵاتەکەدا.

شەڕی ئەمجارە ناو عێراق لەنێوان زۆرینە شیعەکاندایە کە لە ساڵی 2003 ەوە فەرمانڕەوایی عێراق دەکەن، توندوتیژییەکانی ڕۆژی دووشەممە دوای ئەوە هات موقتەدا سەدر ڕایگەیاند دەست لە کاری سیاسەت هەڵدەگرێت، وتیشی هۆکاری بڕیارەکەی شکستهێنانی ڕابەرانی شیعە و لایەنەکانی دیکە بووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و نەهێشتنی ئەو سیستمە کۆنەی حکومڕانی لە عێراقدا.

دواتر سەدر گوتی مانگرتنێک ڕێکدەخات وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی بەکارهێنانی چەک لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە.

سوپای عێراق قەدەغەکردنی هاتوچۆی ڕاگەیاند و داوای لە خۆپیشاندەران کرد ناوچەی سەوز جێبهێڵن، هاوکات ئەمەریکا پشێوییەکانی بە بێزارکەر ناوبرد و داوای گفتوگۆی کرد بۆ کەمکردنەوەی کێشە سیاسییەکانی عێراق.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی گوتی تاوەکو ئێستا واشنتن بە پێویستی نەزانیوە ستافی باڵیۆزخانەکەی لە ناوچەی سەوزی بەغداد بکشێنێتەوە.

سەدر بەشێوەیەک خۆی دەرخستووە کە دژی سەرجەم دەستوەردانە دەرەکییەکان بێت، دەستوەردانەکە لە ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە بێت یاخود ئێران.

سەدر لە عێراق سەرکردایەتی هەزاران چەکدار و ملیۆنان لایەنگری دەکات، ڕکابەرەکانیشی کە هاوپەیمانی درێژخایەنی ئێرانن، کۆنتڕۆڵی دەیان گروپی چەکداری دەکەن کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە مەشقییان پێکراوە.

سەدر و ڕکابەرەکانی ماوەیەکی زۆرە دامەزراوەکانی دەوڵەتییان کۆنتڕۆڵ کردووە خاکێکی زۆری عێراق لەژێر دەستیاندایە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران گوتی ئێران سنوورەکانی لەگەڵ عێراقدا داخستووە و داوای لە هاوڵاتیانی کردووە خۆیان بەدوور بگرن لە گەشت کردن بۆ عێراق. کەناڵێکی ئێرانیش وتی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عێراق ڕاگیراون، ئەوەش بەهۆی " پشێوییەکانی ناو عێراقەوە."

کەناڵی دەوڵەتی ئێران لە زاری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران مەجید میرئەحمەدییەوە بڵاوی کردەوە " سنوورەکەمان لەگەڵ عێراق داخستووە. ئەوەش بەهۆی هۆکاری پارێزراوییەوە، گرنگە ئێرانییەکان خۆیان بەدوور بگرن لە گەشت کردن بۆ عێراق."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG