Accessibility links

کازمی هۆشداری دەدات ناکۆکییە سیاسییەکان ئاسایشی وڵاتەکە دەخەنە مەترسییەوە


مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی شەممە هۆشداریدا لەوەی قەیرانی سیاسی وڵاتەکەی بۆتە هەڕەشە بۆ ئەو دەستکەوتانەی عێراق کە لە بواری ئاسایشدا چەند ساڵێکە وەدەستیهێناوە.

هۆشدارییەکەی کازمی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ مەترسییەکانی یەکێک لە خراپترین قەیرانە سیاسییەکانی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە لەلایەن ئەمەریکا لە ساڵی 2003.

ئەم بارودۆخە ئەنجامێکی ئەو ناکۆکییانەیە لە نێوان شوێنکەوتووانی موقتەدا سەدر، پیاوێکی ئایینی کاریگەری شیعە مەزهەب و گروپە ڕکابەرەکانی کە ئێران پشتیوانیان دەکات لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی پارەوە دروستبووە.

سەدر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 10دا زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا بەڵام نەیتوانی حکومەتێکی زۆرینە پێکبهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی یەکێک لە خراپترین قەیرانە سیاسییەکان لە مێژووی تازەی عێراقدا.

دواتر ئەندام پەرلەمانەکانی لایەنگری سەد دەستیان لە کارکێشایەوە و لایەنگرانی مانگی ڕابردوو هەڵیانکوتایە سەر بینای پەرلەمان لە بەغدا. سەدر داوای کردووە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

کازمی لە وتارێکدا بە بۆنەی ‘ڕۆژی ئیسلامی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان’ لە بەغدا پێشکەشی کرد گوتی “ئەم قەیرانە سیاسییە هەڕەشەیە بۆ دەستکەوتە ئاسایشییەکان و سەقامگیری وڵاتەکە."

کازمی گوتی "ئێستا چارەسەر ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان " بخەنە پێش هەموو شتێکەوە.

هەفتەی ڕابردوو کازمی داوای لە سەرکردە باڵا سیاسییەکان و نوێنەرانی پارتەکان کرد کۆببنەوە تا چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە. هۆشداریدا لەوەی ئەگەر “شەڕ هەڵبگیرسێت بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبن."

سەرەتای ئەم مانگە سەدر داوای لە شوێنکەوتووانی کرد ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرتاسەری عێراق بەڵام دواتر بۆ کاتێکی نادیار دوایخست دوای ئەوەی گروپەکانی سەر بە ئێران داوای گردبوونەوەیەکی هاوشێوەیان کرد لە هەمان ڕۆژدا و گوتیان دەیانەوێت ئاشتی بپارێزرێت و “خوێنی عێراقی” نەرژێت.


XS
SM
MD
LG