Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت هەڕەشەکانی بەغدا کاریگەری لەسەر کەرتی نەوتی هەرێم نابێت


حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بەرهەمهێنان و بازرگانی نەوتیان بەردەوام دەبێت سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم دواییەی بەغدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی نەوتی هەرێمەکە.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی نەوت، هەناردەکردن، فرۆشتن و پاڵاوتنی و به‌كارهێنان. به‌رژه‌وه‌ندی وه‌به‌رهێنان ماوه‌ و پێشبینی ده‌كرێت به‌رهه‌مهێنان زیاد ببێت".

هەرێمی كوردستان ڕۆژانە نزیكەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت و بەشی زۆری هەناردەی دەرەوە دەکات.

عێراق چەند هەوڵێکی داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی مانگی دووی دادگای باڵای فیدڕاڵی کە کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بە "نادەستووری" لە قەڵەمدا بوو.

لە دوایین هەنگاوی خۆیدا، ڕێکخراوی دەوڵەتی بۆ بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە نامەیەکدا نووسیبووی کە ڕێگری لە ڕۆشتنی هەر بارێکی نایاسای نەوت لە تەواوی عێراق، بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات.

سۆمۆ ئەوەشی ڕاگەیاندبوو کە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە بازرگانان یان کڕیارانی نەوتی عێراق دەگرێتەبەر کە پابەند نابن بە بڕیارەکەیەوە.

حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی سەرکۆنەی ئەو نامەیەی كرد و دەڵێت گرفت بۆ دانوستان لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ڕەتکردنەوەی بڕیاری دادگای باڵا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دووپاتكراوەتەوە و دەڵێت، دان بە ڕەوایەتی دادگادا نانێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ناكۆكییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ "دەبێت بەپێی دەستووری فیدراڵی و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق چارەسەر بكرێن."


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG