Accessibility links

بۆ یەکەمجار فەیسبووک و تویتەر هەڵمەتی کاریگەری لایەنگرانی ئەمەریکا دادەخەن


لە هاوینی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار فەیسبووک و تویتەر تۆڕێکی بەکارهێنەری ساختەیان لابرد کە بانگەشە بۆ هەڵوێستی لایەنگری سیاسەتی ڕۆژئاوا دەکەن بەرامبەر بە بینەرانی بیانی و ڕەخنە لە ڕووسیا و چین و ئێران دەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی کۆمپانیای گرافیکا کە کۆمپانیایەکی شیکاری سۆشیال میدیایە سەر بە زانكۆی ستانفۆرد و ئەو ئەكاونتانە كە پێشێلی مەرجەكانی خزمەتكردنی كۆمپانیاكانیان كردووە "تاكتیكی فریودەریان بەكارهێناوە بۆ بەرەوپێشبردنی گێڕانەوەی لایەنگری ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست" پێدەچێت زنجیرەیەك هەڵمەتی شاراوە بن كە پێنج ساڵی خایاندووە.

توێژەران دەڵێن؛ تویتەر و فەیسبووک کە زانیارییەکانی خۆیان سەبارەت بەو ئەکاونتانە لەگەڵ توێژەراندا بڵاوکردووەتەوە، بە ئاشکرا دەستنیشانیان نەکردووە کە چ لایەنێک یان ڕێکخراوێک لە پشت هەڵمەتەکانەوە بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تویتەر ئەمەریکا و بەریتانیای وەک "وڵاتانی گریمانەکراوی سەرچاوە"ی هەڵمەتەکان ناساندووە، هەروەها کۆمپانیای Meta کە کۆمپانیایەکە خاوەندارێتی فەیسبووک و ئینستاگرامیش دەکات، ئەمەریکای وەک وڵاتی سەرچاوە ناساندووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کارە کاریگەرییەکانی ئۆنلاینیان داخستووە کە لە ڕژێمە تاکڕەوەکانی چین و ڕووسیا و ئێرانەوە سەرچاوەی گرتبوو. دۆزینەوەی ئۆپەراسیۆنێکی کاریگەری ئۆنلاین کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە بە بەکارهێنانی زۆرێک لە هاوشێوەی ئەو تەکنیکانە، وەک کەسانی ساختە و فۆڵۆوەری ساختە بۆ پەرەسەندنی چیرۆکێکی دیاریکراو بوونە هۆی وروژاندنی ئەو پرسیارانە کە کێ لە پشت ئەو هەوڵەوەیە و ئامانجەکانیان چیە و ئایا ئۆپەراسیۆنەکە کاریگەرە یان نا.

کاتێک ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە پرسیاری لێکرا کە ئایا سوپای ئەمەریکا ئەو ئەکاونتە ساختانەی دروستکردووە یان نا، ژەنەڕاڵ پات ڕیدەر، سکرتێری ڕۆژنامەوانی هێزی ئاسمانی پنتاگۆن گوتی "بەرپرسان پێویستە سەیری ئەو زانیاریانە بکەن کە لەلایەن فەیسبووک یان تویتەرەوە پێشکەش دەکرێن. گوتی کە سوپای ئەمەریکا بەڕاستی "ئۆپەراسیۆنی پشتگیری زانیاری سەربازی لە سەرانسەری جیهان" ئەنجام دەدات.

گوتیشی؛ دیارە من باسی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان یان تاکتیک و تەکنیک و ڕێکارە تایبەتەکان ناکەم جگە لەوەی بڵێم ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیاریکراودا کار دەکەین.

بەستنەوەی بە میدیاکان و ماڵپەرەکانی دیکەوە

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە زۆرجار ئەو ئەکاونتە ساختانەی سۆشیال میدیا لینکی سایتە میدیاییە ساختەکان و هەروەها "سەرچاوە پەیوەندیدارەکان بە سوپای ئەمەریکاوە" بڵاودەکەنەوە، وەک ئەو ماڵپەڕانەی لە ئاسیای ناوەڕاست کە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا کە وەک سپۆنسەریان ناوزەدیان دەکەن.

جگە لەوەش، ئەم ئەکاونتە ساختانە پەیوەست بوون بە بابەتەکانی دەنگی ئەمەریکا، کە پەخشێکی نێودەوڵەتیە و لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت و دامەزراوەی ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا-ڕادیۆی ئازاد کە بە شێکە لە تۆڕی گلۆباڵ میدیا پێکەوە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە. سایتەکانی میدیای ساختە چیرۆکی بی بی سی ڕووسیا و دەنگی ئەمەریکا و سەرچاوەی دیکەیان کۆپی کردووە.

چەندین ئەکاونتی سۆشیال میدیای هەڵپەسێردراو پەیوەندییان بە ئەکاونتی میدیای ساختەوە هەبووە کە بە زمانی فارسی کاردەکەن، وەک داریچێ نیوز کە ئیدیعای میدیایەکی سەربەخۆی دەکرد و هەندێک ناوەڕۆکی ساختەی هەبووە. بەڵام ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "زۆرێک لە بابەتەکانیان دووبارە بڵاوکردنەوەی ڕوون بوون لە میدیای زمانی فارسی کە لەلایەن ئەمەریکاوە پارەیان بۆ دابینکراوە، لەوانە ڕادیۆی فەردای ئەوروپا-ڕادیۆی ئازاد، ڕادیۆی فەردا و دەنگی ئەمەریکا بەشی فارسی."

USAGM وەڵامی دەداتەوە

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمەریکا، ئەو دەزگایەی سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا RFE/RL دەکات، ڕایگەیاند کە زانیارییان لەسەر ئەم ئەکاونتانە نییە.

لێسلی جاکسۆن، وتەبێژی ئاژانسەکە لە ئیمەیڵێکدا دەڵێت "USAGM تەنها ئەکاونت و ماڵپەڕە فەرمییەکانی سۆشیال میدیای خۆی دەپارێزێت، بە بەکارهێنانی بەرزترین ستانداردەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەکاونتە فەرمییەکان لەسەر بنەمای ڕاستی و دەستڕاگەیشتن و پشتڕاستکردنەوەن."

جاکسۆن پشتڕاستی کردەوە کە کۆمپانیای USAGM لەگەڵ دەزگاکانی تری حکومەتی ئەمەریکا یان گروپەکانی تر کار ناکات بۆ بەرزکردنەوەی ناوەڕۆکی هەواڵ لە ڕێگەی ئەکاونتە ساختەکانی سۆشیال میدیاوە.

جاکسۆن گوتیشی "لەڕێی ئەرکی خۆیەوە بۆ ئاگادارکردنەوە و بەشداریکردن و گڕێدانەوەی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا بۆ پشتگیریکردن لە ئازادی و دیموکراسی، USAGM هەمیشە پەرە بە ڕێڕەوی ئازادی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان دەدات بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و دژی زانیاری هەڵە و زانیاری ناڕاست و سانسۆر دەوەستێتەوە."

تاکتیکەکان

تاکتیکەکانی هەڵمەتەکانی کاریگەری ئۆنلاین هاوشێوەی تاکتیکەکانی دیکەی ئەو جۆرە بووە و بریتی بوون لە ساختەکردنی وێنە بۆ دروستکردنی ئەکاونتی ساختە و بەکارهێنانی هاشتاگ و داواکاری بۆ هەوڵدان بۆ بنیاتنانی پشتگیری.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، یەكێك لە كۆمەڵێك لەو ئەکاونتانە لە ئاسیای ناوەڕاست تیشكی خستبووە سەر چالاكییە سەربازییەكانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا، بەڵام لە مانگی 2 دا گواستراوەتەوە بۆ شەڕی ئۆكرانیا، "ئەو ململانێیەی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر خەڵكی ئاسیای ناوەڕاست خستەڕوو."

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو هەژمارانە پەیوەندییان بە داواكارییەكەوە هەیە، كە نووسەرەكەی ڕوون نەبووە، "داوا لە حكومەتی كازاخستان دەكات كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانی ڕووسیا قەدەغە بكات."

توێژەران وتوویانە کە تاکتیکەکانی ئەکاونتە ساختەکاندا لە ڕاستیدا کاریان نەکردووە بۆ دروستکردنی بەشداریکردن. زۆربەی پۆست و تویتەکان تەنها بڕێک لایک یان ڕیتویتیان بۆ هاتووە. زۆرینەی ئەکاونتەکان کەمتر لە هەزار فۆڵۆوەریان هەبووە.

XS
SM
MD
LG