بەپێی بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) کە تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوو هێرشی موشەکی جیاوازدا بۆ سەر پێگەی سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا، سێ سەربازی ئەمەریکای برینداربوون.
سێنتکۆم گوتی یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سووک بووە و دوای وەگرتنی چارەسەر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی. دوو کەسی دیکەش لە ژێر چاودێریدان بەهۆی برینەکانیانەوە کە سووکن و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێری سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ هێرشە موشەکییەکە لەلایەن چەکدارانی نزیک ئێران ئەنجام دراوە. ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی پێنجشەممە گوتی چوار کاژێر دوای ئەو هێرشە، ئەمەریکا وەڵامی داوەتەوە و بۆمبارانی میلیشیاكانی سەر به ئێرانی لە نزیک دێرەزۆر کردووە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت هێرشەکە بۆتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ چەکداری میلیشیا. لە دوای نیوەشەویش هێزەکانی هاوپەیمانان پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە ناوچەی ئەلمەیادین بۆردومان کرد و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
ڕێکخراوە سورییەکە گوتی لە ماوەی بیست و چوار کاژێردا هێرشەکانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیان دەکات، بۆتە هۆی کوژرانی نۆ چەکداری میلیشیای نزیک لە ئێران.
ئێران ڕەتیکردۆتەوە پەیوەندی بەو میلیشیایانەوە هەبێت.