Accessibility links

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەنە ئامانج


سوپای ئەمەریکا سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانییان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە و ئەو ناوچانەیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن ئەو میلیشیانەوە بەکاردەهێنرێن کە سوپای پاسدارانی نیمچە سەربازی ئێران پشتیوانیان دەکات.

هیچ دانپێدانانێکی دەستبەجێ لەلایەن میدیای دەوڵەتی سوریاوە بڵاونەکرایەوە لەسەر ئەو هێرشانەی کە ناوچەکانی دێرەززۆریان کردۆتە ئامانج. ئێران بە هەمان شێوە هێرشەکەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری شەڕی ئۆپۆزسیۆن دەکات و هاوکات چالاکوانانی 24 دێرەزوور ڕایانگەیاند؛ هێرشە ئاسمانییەکان کەمپی عەیاشیان کردۆتە ئامانج کە لەلایەن گروپی فاتمیون بەڕێوەدەبرێت کە لە چەکدارە شیعەکانی ئەفغانستان پێکهاتوون، کە لە هێرشە ئاسمانییەكاندا لانیكەم شەش چەكداری سوری و بیانی كوژراون.

فەرماندەی لەشکری ناوەندی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێرشەکان ڕێوشوێنی هاوڕێژەیی بوون کە مەبەست لێی سنووردارکردنی تاوسەندنی مەترسییەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قوربانییە." ئامانجەکانی دەستنیشان نەکردووە، هەروەها هیچ ئامارێکی قوربانیانی ئەو هێرشانەی ڕانەگەیاندووە کە سوپای ئەمەریکا دەڵێت بە فەرمانی سەرۆک جۆو بایدن ئەنجامدراوە.

کۆلۆنێل جۆ بوچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێرشەکانی ئەمڕۆ پێویست بوون بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە کارمەندانی ئەمەریکا."

کۆڵۆنێڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە لە وەڵامی هێرشێکی 15 ی مانگی هەشتدا بووە کە هێزەکانی ئەمەریکای کردۆتە ئامانج. لەو هێرشەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە گوایە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هەڵدراون، کەمپی لەشکری ئەمەریکاییەکانیان کردۆتە ئامانج.
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لەوکاتەدا هێرشەکەی بە "سفر قوربانی و هیچ زیانێک" ناودێر کرد.

بەڵام دواتر ئێران لەڕێی ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمەریکای کرد کە "دژی خەڵک و ژێرخانی سوریا" ئەنجامدراوە. هه‌روه‌ها ڕه‌تی كرده‌وه‌ كه‌ ئێران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج. ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی ڕەتیدەکاتەوە ئەو گروپە میلیشیایانە پڕچەک بکات کە ئەمەریکایان کردۆتە ئامانج. سەرباری ئەوەی ئەو هێزانە لە ناوچەکەدا ئێران لە ڕێی هاوکاری چەک و لەشکرییەوە پشتیوانیان دەکات.

دێرەزوور پارێزگایەکی ستراتیژییە و هاوسنوورە لەگەڵ عێراق و کێڵگە نەوتییەکانی تێدایە. گروپە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران و هێزەکانی سوریا کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کردووە و زۆر جار لە هێرشەکانی پێشوودا بوونەتە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل.

هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2015 دا چونە ناو خاکی سوریاوە و پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانانیان کرد لە شەڕی دژ بە داعشدا.

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG