Accessibility links

ئەمەریکا پیشەسازی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر بەهێز دەکات تا پشت بەستن بە چین کەم بکاتەوە


هەندێک لە پسپۆڕان پێیانوایە باڵادەستی جیهانی چین لە پیشەسازی وزەی خۆردا زنجیرەیەکی دابینکردنی جیهانییە و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، ئەمەش هۆکارێکە کە ئەمەریکا هەوڵی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە ناوخۆدا دەدات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسانی واژۆ کرد کە کەمکردنەوەی باج لەخۆدەگرێت وەکو هاندانێک بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییەکی بەهێزتری وزەی خۆر. ئامانجی کۆشکی سپییە تا ساڵی 2024 بەرهەمهێنانی وزەی خۆری ناوخۆیی سێ هێندە بکات.

یاساکە وەڵامی داواکارییە درێژخایەنەکانی هەندێک لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی وزەی خۆرە تا ئەمەریکا هەنگاو بنێت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی ئەەمریکا بۆ ئاستێک تا ڕکابەری چین بکات. زۆر لە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان گلەیی ئەوە دەکەن چین دەتوانێت پانێڵی خۆر و ئامێرەکانی دیکە هەرزانتر لەوان بەرهەم بهێنێت و ئەمەش وایکردووە ئەوان نەتوانن لە ئاستی جیهان ڕکابەری چین بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە مانگی شەش بڵاوکرایەوە، چین بەرهەمهێنانی پانێڵی خۆر و داهێنانەکانی فراوانتر کردووە و ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی نرخی ئامێرەکانی.

چاودێرێکی دیکەی پیشەسازی لە تاقیگەی نیشتمانی وزەی خۆنوێکەرەوە، دەڵێت لە ماوەی 10 ساڵدا کە لە ساڵی 2010ەوە دەستیپێکردووە، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینیان بەخۆیانەوە بینیووە.

بەڵام مەترسییەکانی پشتبەستنی جیهان بە چین لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا زیاتر ڕوونبووەوە. نرخی پۆلیسیلیکۆن، ئەو مادەیەی بۆ دروستکردنی خانەی خۆر بەکاردەهێنرێت، لە ساڵی ڕابردوودا چوار هێندە زیادی کرد ئەمەش وایکرد کۆمپانیا چینییەکان بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە لەکاتێکدا خواستی جیهان بۆ وزەی خۆر زیادیکردبوو. 40% بەرهەمهێنانی پۆلیسیلیکۆنی جیهانی لە ناوچەی شینجیانگی چینەوە دێت.

چین زاڵە لە بواری بەرهەمهێناندا

بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، چین بەشدارە لە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 80%ی ئامێرەکانی بەرهەمێنانی وزەی خۆر.

مامون ڕەشید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆکسین سۆلار کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە و ئامێرەکانی بەرهەمهێنەرانی وزەی خۆر دروستدەکات، گوتی "ئەگەر زنجیرەی دابینکردنمان لێرە لە ئەمەریکادا نەبێت، ئێمە وەک نیگەرانییەکی ئاسایشی نیشتمانی سەیری پرسەکە دەکەین."

بەیژینگ نیگەرانییەکانی ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە و ئەمەریکا بە جۆرێک لە "پارێزگاریخوازی" تۆمەتباردەکات کە زیان بە کۆمپانیاکانی چین دەگەیەنێت.

لیو پێنگیۆ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین، بە دەنگی ئەمەریکای گوت“چین داوا لە ئەمەریکا دەکات واز لە سنووردارکردنی کارگەکانی چین بهێنێت و واز لە کارە هەڵەکانی تێکدانی زنجیرەی دابینکردن و زنجیرە پیشەسازی بهێنێت، و هەلومەرجێکی لەبار بۆ هاریکاری لە نێوان چین و ئەمەریکا لە بواری وزەی پاک و گۆڕانی کەشوهەوادا برەخسێنێت."

ئەمساڵ، زنجیرەیەک هەنگاوی واشنتۆن کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەسەر پیشەسازی خۆر لە چین و ئەمەریکا هەبووە.

لە مانگی شوباتدا ئەمەریکا باجەکانی لەسەر بەرهەمە خۆرییەکان درێژکردەوە کە سیلیکۆنی بلورییان تێدایە و لە چینەوە دێن. سەرەڕای ئەوەش، یاساییەکی مانگی شەشی ئەمەریکا دژی جیاکاری چین بەرامبەر ئویگەرە موسڵمانەکانی وڵاتەکەی هێنانی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە ناوچەی شینجیانگی چینەوە قەدەغەکرد. زۆربەی ئویگورییەکان لە شینجیانگ دەژین.

چین کاردانەوەی بەرامبەر بەو کارەی ئەمەریکا هەیە

چین ناڕەزایی دژی یاساکەی ئەمەریکا لە بارەی ئویگورەکانەوە دەربڕیووە.

لیۆ لە وەڵامی ئیمەیڵێکی دەنگی ئەمەریکادا گوتی "دوای جێبەجێکردنی بەناو 'یاسای پاراستنی ئویگەرەکان لە کاری زۆرەملێ" بە بیانووی 'کاری زۆرەملێ' لە شینجیانگ، ئەمەریکا بە شێوەیەکی نایاسایی پیشەسازی بەرهەمێنانی خۆری ی چین سەرکوت دەکات و سزای تاکلایەنە و بێ پاساو دەسەپەنێت."

گوتەبێژەکەی باڵیۆزخانەی چین ئەم کارەی بە “شێوەیەکی جددی پێچەوانەی یاسای بازاڕ و ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی" دانا و دەڵێت "زیان بە سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت."

نیگەرانییەکانی کۆمپانیای ئۆکسین سۆلاری ئەمەریکایی سەبارەت بە نرخی بەرهەمە چینییەکان بووە هۆی لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا سەبارەت بەوەی ئایا هەندێک لە پانێڵی خۆر کە لە کەمبۆدیا، مالیزیا، تایلەند و ڤێتنامەوە دێنە ئەمەریکا لە ڕاستیدا بەرهەمی چینین و پەکین هەوڵی خۆدزینەوە لە باج دەدات.

XS
SM
MD
LG